مینە چێندراوەکانی پەکەکە ھەڕەشە لە ژیانی خەڵکی هەرێمی كوردستان دەكەن
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

مینە چێندراوەکانی پەکەکە ھەڕەشە لە ژیانی خەڵکی هەرێمی كوردستان دەكەن

پارتی كرێكارانی كوردستان (پەکەکە) لەسەر سنوورەکانی هەرێمی کوردستان، ژمارەیەکی زۆر مینی داناوەتەوە و ئەمەش بووەتە ھەڕەشە بۆ سەر ژیانی خەڵک، بەتایبەت خەڵکی خاوەن رەز و باخ و ئەوانەی بۆ گژوگیای بەهاری دەچنە شاخ و کوێستانەکان.

عەمید عوسمان ریشە، بەرپرسی دەزگای رۆشنبیری و ھۆشیاری لە وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "خەڵک هۆشیار دەکەینەوە کە زۆر ئاگاداری مینە چێندراوەکانی پەکەکە بن، چونکە پەکەکە لە ھەر شوێنێک مینی دانابێتەوە، بووەتە مەترسیی گەورە بۆ سەر ژیانی خەڵکی ئاسایی، کە ھاتوچۆیان لەو سنوورانە ھەیە".

ئەوەشی خستە ڕوو: "بەھۆی ئەو مینانەوە کە ژمارەیەکی یەکجار زۆریان لێ دانراونەتەوە، چەندین کەس بوونەتە قوربانی، یان پەککەوتە بوون".

، بەرپرسی دەزگای رۆشنبیری و ھۆشیاری لە وەزارەتی پێشمەرگە جەختی لەوەش كردەوە: "بەشێک لەو مینانە لە سنووری ئاوەدانی و رێگای ھاتوچۆی خەڵک دانراونەتەوە، بۆیە پێویستە ھاووڵاتییان زۆر ئاگاداری خۆیان و ئاژەڵ و مەڕوماڵاتیان بن".

ئەمە لە كاتێكدایە كە دوێنێ یەكشەممە ١٨ی نیسانی ٢٠٢١، مینێكی چێندراوی پەكەكە لە ناوچەی سیدەكانی باكووری پارێزگای هەولێر، بە ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییەكدا تەقییەوە و بەهۆیەوە هاووڵاتییەكە بریندار بوو.