دابەزینی بەهای دینار ئاستی هەژاری لە عێراق بۆ نزیكەی 28٪ بەرز دەكاتەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

دابەزینی بەهای دینار ئاستی هەژاری لە عێراق بۆ نزیكەی 28٪ بەرز دەكاتەوە

ئەمڕۆ دووشەمە، وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئاشکرای کردووە ئاماژەکانی هەژاری لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی پێداویستییەکانی ئێستا بۆ نێوان 26 تا 27% بەرز بووەتەوە و ئاماژە بۆ ئەوەش کراوە پلانێکی چاکسازی و چارەسەرییان هەیە بۆ ماوەی دوو ساڵ و لە سێ بواردا کاری لەسەر دەکەن.

عەبدولزەهرە هنداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "دوای بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار، ئاستی هەڵاوسان بە رێژەی 5% و ئاستی هەژاری بە رێژەی 26 تا 27% بەرز بووەتەوە و راشی گەیاند، هەر ئاماژەیەکی دیکەی نوێ دەربکەوێت، وەزارەت رای دەگەیەنێت".

گوتیشی: "وەزارەتی پلاندانان نەخشە و پلانێکی چاکسازی و چارەسەری ئامادە کردووە، تیایدا ئەو تەنگژانەی ئابووری و تەندروستی لەبەرچاو گرتووە، کە عێراق پێیدا تێدەپەڕێت، کە بوونەتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی هەژاری و هەڵاوسان و داتەپینی ئابووریی وڵات".

گوتەبێژی وەزارەتی پلاندان گوتیشی: "ئەو پلانەیان بۆ دوو ساڵی 2021 تا 2023یە و لە سێ بواردا کاری لەسەر دەکەین، بواری ئابووری، بۆ باشکردنی ئاستی ئابووری و پاڵپشتیی کەرتی تایبەت، بواری کۆمەڵایەتی بۆ پاڵپشتیی ئاستی خزمەتگوزاری لە کەرتی تەندروستی و پەروەردە و گەڕانەوەی ئاوارەکان، بواری سێیەمیشیان چارەسەریی ئەو بۆشاییانەی گەشەپێدانە، کە لە پارێزگاکاندا دروست بووە".

 وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە 16ی ئاداری رابردوودا رای گەیاند، رێژەی هەژاری بۆ 25% لە کۆی دانیشتووان دابەزیوە، کە پێشتر لە 2020 رێژەکە 7.31% بوو، بەڵام وا جارێکی دیکە بەرزبوونەوەی رێژەکەی بۆ 26 تا 27% راگەیاندەوە.

عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی دەوڵەمەندە بە نەوت، بەڵام بەهۆی گەندەڵی و دزینی ئەو داهاتە لەلایەن گرووپ و کەسایەتییە خاوەن دەسەڵاتەکان، لە ریزی پێشەوەی ئەو وڵاتانە دێت کە باری ئابووری، سیاسی، ئەمنی، تەندروستی و کۆمەڵایەتییان لە خراپترین دۆخدایە.