بەهۆی وشکەساڵییەوە وەزارەتی کشتوکاڵ پلانی قەرەبووکردنەوەی جووتیاران دادەڕێژێ
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

بەهۆی وشکەساڵییەوە وەزارەتی کشتوکاڵ پلانی قەرەبووکردنەوەی جووتیاران دادەڕێژێ

بەرپرسێکى وەزارەتى کشتوکاڵى هەرێمی کوردستان رایگەیاند بەهۆى وشکەساڵییەوە پێشبینى دەکرێ زیانێکى زۆر بەر جووتیاران بکەوێت، بۆ قەرەبووکردنەوەشیان پلانمان هەیە بۆ دابینکردنى بنەتۆو بۆیان.

رێژین سدیق، بەڕێوەبەرى بەرهەمهێنان و پەسەندکردنى بنەتۆو لە وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە (باسنیوز)ى راگەیاند: "بەهۆى کاریگەرییەکانى وشکەساڵى و کەمى باران بارینەوە پێشبینى دەکرێ لە زۆرینەى ناوچەکانى هەرێمی کوردستان بەرهەمی گەنم وەکو پێویست نەبێ، لەم حاڵەتەش جووتیاران زیانێکى زۆریان پێدەگات بەجۆرێک زۆرینەى جووتیاران ناتوانن بنەتۆو بۆ ساڵى داهاتوویان دابین بکەن، چونکە زۆرینەیان کە تۆو دەکەن پشت بە بەروبوومى ساڵانەى خۆیان دەبەستن بۆ ئامادەکردنى بنەتۆو".

راشیگەیاند: "بۆ کەمکردنەوەى کاریگەرییەکانى وشکەساڵى و قەرەبووکردنەوەى جووتیارانیش وەزارەتى کشتوکاڵ چەندین پێشنیازى داوەتە ئەنجوومەنى وەزیران، یەکێک لەو پێشنیازانە دابینکردنى بودجەیەکى تایبەتە بۆ کڕینى بنەتۆو بۆ جووتیاران و پێدانیان بە نرخێکى کەمتر لە بازاڕ".

ئاماژەى بە ئەوەش کرد: "جگە لە پێدانى بنەتۆو وەزارەت هەوڵەکانى چڕکردووەتەوە بۆ دروستکردنى پڕۆژەى ئاودێرى بۆ ئاودانى گەنمى جووتیاران لە ناوچە جیاجیاکانى هەرێمی کوردستان، جگە لەمەش دەرمانى قڕکەر بە جووتیاران دەدات، چونکە ئەمساڵ چەند جۆرێک مێرووى قڕکەر لەچەند ناوچەیەکى هەرێمی کوردستان پەیدابوونە".