پارتی: راكان حەز بكات یان نا هەر دەگەڕێینەوە كەركووك و ئەو ئیدارە نایاساییەی ئێستاش نامێنێت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

پارتی: راكان حەز بكات یان نا هەر دەگەڕێینەوە كەركووك و ئەو ئیدارە نایاساییەی ئێستاش نامێنێت

ئەنجوومەنى سەركردایەتیی كەركووك ـ گەرمیانى پارتى ڕوونكردنەوەیەكی بڵاو كردەوە

ئەمڕۆ یەكشەممە ئەنجوومەنى سەركردایەتیی كەركووك ـ گەرمیانى پارتى دیموكراتی كوردستان ڕوونكردنەوەیەكی لەبارەی لێدوانێكی راكان سەعید پارێزگاری نایاسایی سەپێندراوی كەركووك بەوەكالەت بڵاو كردەوە و دووپاتی كردووەتەوە كە راكان حەز بكات یان نا، پارتی هەر دەگەڕێتەوە كەركووك و ئەو ئیدارە نایاساییەی ئێستاش نامێنێت.

لە ڕوونكردنەوەكەدا هاتووە "لە چاوپێكەوتنێكی پارێزگاری نایاسایی سەپێندراوی كەركووك بەوەكالەت (راكان سەعید)، جارێكی تر تۆمەتى خستووەتەوە ئەستۆی پارتی دیموكراتی كوردستان بەوەی چەند تەرمێك لە بارەگای ئەنجوومەنى سەركردایەتیى كەركووك ــ گەرمیان دۆزراوەتەوە، چوار رۆژ پاش خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆبەر".

ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كەركووك ـ گەرمیانى پارتى بۆ رای گشتی ڕوون كردووەتەوە "ئەو تۆمەتە هیچ جۆرە بنەمایەكى نییە و دوورە لە راستییەوە، پارتی دیموكراتی كوردستان واقعی سەربازی سەپێندراوى قبووڵ نەبووە و لەو كاتەوە تاكو ئێستا هیچ كات پارتیمان ئەو پارێزگارە سەپێندراوە نایاسایی و نادەستووریەى بە پارێزگار نەناساندووە و بە هیچ شێوەیەك مامەڵەى لەگەڵ نەكردووە، هەر بۆیەش ئەم جۆرە تۆمەتانە دروست دەكات".

لە ڕوونكردنەوەكەدا هاتووە "بارەگاكانى پارتیمان بارەگاى حزبی سیاسییە و چالاكی سیاسی تێدا ئەنجام دەدرا، لە دواى خیانەتى (١٦ی ئۆكتۆبەر) پارتیمان لە كەركووك نەبووە و بارەگاكانمان داگیر كراون و بوونى تەرم لەو شوێنە ئەگەر هەبووبێت، هیچ پەیوەندییەكى بە پارتیمانەوە نییە. بە پێچەوانەوە ئەو شوێنە دواى داگیركردنى بۆ ماوەیەك بووبووە شوێنى گرتن و ئەشكەنجەدانی كەوادر و لایەنگران و ئەندامانى پارتیمان".

ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كەركووك ـ گەرمیانى پارتى دووپاتی كردووەتەوە "پارتی لە دووبارەبوونەوەى ئەو جۆرە لێدوانە نابەرپرسانە، وێڕاى ئەوەى بە توندى رەت دەكەینەوە، دەبێت رێكارى یاسایی بگیرێتە بەر لەسەر ناوبراو، داواش دەكەین لێكۆڵینەوەى ورد بە بەشدارى پارتی لەژێر چاودێریی (UN) لە بابەتەكە بكرێت. ئێمە باش دەزانین كە ئەم قسە و تۆمەتانە بۆ رێگریكردن و دروستكردنى كۆسپە بۆ گەڕانەوەى پارتیمان بۆ شارى كەركووك. لێرەدا راى دەگەیەنین راكان حەز بكات یان حەز نەكات با لەوە دڵنیا بێت كە پارتى بۆ كەركووك دەگەڕێتەوە و ئەو ئیدارە نایاساییەش بەم شێوەیەى ئێستا نامێنێت".