ژینگەپارێزێک: ڕووباری سیروان زیاتر لە هەموو کاتێک مەترسیی وشکبوونی لەسەرە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

ژینگەپارێزێک: ڕووباری سیروان زیاتر لە هەموو کاتێک مەترسیی وشکبوونی لەسەرە

بەردانەوەی ئاو بۆ ناو ڕووباری سیروان نیوەی پار کەمی کردووە

بەهۆی ئەو بەنداوەی ئێران لەسەر ڕووباری سیروان هەڵی بەستووە، هاوکات کەمکردنەوەی ئاستی بەردانەوەی ئاوی بەنداوی دەربەندیخان، ئاوی ڕووباری سیروان بەتەواوەتی كەمی كردووە و بە ڕێکخستنی کەمپینێک داوای لابردنی كارگەكانی چەو و لم لەسەر ئەو ڕووبارە دەکرێت.

ئاراز محەمەد، یەكێك لە سەرپەرشتیارانی كەمپینی پاراستنی رووباری سیروان لە وشكبوون، ئەمڕۆ یەكشەممە 18ی4ی2021 بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "ئێمە ساڵێك پێش ئێستاش بۆ پاراستنی ڕووباری سیروان لە وشكبوون داوامان كرد یەكە كارگێڕییەكانی سنووری ئیدارەی گەرمیان سنوورێك بۆ كاركردنی كارگەكانی چەو و لم دابنێن، ئەمساڵیش كە وشكەساڵی لە گەرمیان ڕاگەیەندراوە و ئاستی بەردانەوەی ئاوی ڕووبارەكە لە بەنداوی دەربەندیخان نیوەی پار كەمی كردووە، لە هەموو كات زیاتر مەترسییەكانی لەناوچوون و وشکبوونی رووباری سیروان لە ئاردایە".

گوتیشی: "هەموان پێكەوە و یەكدەنگ پێتان دەڵێین: "با خەمێك لە ژینگەی ڕووباری سیروان بخۆین".

ئەو چالاکوانی ژینگە ئاماژەی بەوەش کرد: "هەر بۆیە ئێمە وەك دەستە و ڕێكخەرانی كەمپینی لابردن و ڕێكخستنی غەسالەكانی سەر سیروان، پێتان دەڵێین (ئێستا كاتی بڕیاری ژیرانە و بەرپرسانەیە بەرامبەر بە دانیشتوانی گەرمیان و ژینگە و ڕووباری سیروان)".

 ئاراز محەمەد ڕاشی گەیاند: "پاراستنی ڕووباری سیروان، بە واتای پاراستنی هاووڵاتییانی سنووری گەرمیان و ژینگەی سنوورەكەیە، هەروەها لایەنی پێوەندیداری بەرپرسیار ئەم هەلە دەقۆزێتەوە و دەیكات بە سەرەتایەك بۆ پاراستنی رووبارەكە و كردنی ژینگەی ڕووبارەكە بە سەرچاوەی داهات و ڕاكێشانی گەشتیاران بۆ  سنوورەكە، ئەوەش ئاماژەی سەركەوتنی ئیدارەی ناوچەكەیە، بە پێچەوانەوە ئێمە بڕیارێكە و داومانە بەردەوام دەبین لە فشارە مەدەنییەكانمان و هەموو چالاكییەكی مەدەنی لەبەردەممان كراوەیە تا باشكردن و چارەسەركردنی ئەم کێشە و گەڕانەوەی سرووشتی جوان بۆ ڕووباری سیروان".

ڕێکخستنی ئەم کەمپینە بۆ پێشگیری لە لەناوچوون و وشکبوونی ڕووباری سیروان لە کاتێکدایە کە لەلایەن دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستانەوە، بە بۆنەی ڕۆژی ژینگەوە هەفتەیەک بۆ چالاکیی ژینگەیی ڕاگەیەندراوە و هەتا ٢١ی ٤ بەردەوام دەبێت.