كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
تەیار گۆران 17/04/2021

كورد و كەركووك و پارتی

ئەگەر بە قەولی ئەوانە بێ، کە کەرکووکیان فرۆشتووە "دەڵێن دەمێکە کورد گەڕاوەتەوە کەرکووک!"، ھەر وەک چۆن لە یەکەم شەوی فرۆشتنی کەرکووک بانگەشەی ئەوەیان دەکرد، گوایە ھیچ شتێک لە کەرکووک رووی نەداوە و شار شامی شەریفە و ناوی پارێزگاری نوێی كورد لە گیرفانیاندایە! بەڵام ئەگەر پرسیار لە کوردێکی دڵسۆزی کەرکووک بکەیت: ئاواتت چییە و بۆ داھاتووی شارەكەت چاوەڕێی چی دەکەیت؟ لە وەڵامدا بەبێ یەک و دوو پێت دەڵێت: ”چاوەڕێی گەڕانەوەی کورد دەکەین بۆ کەرکووک“، واتە هێشتا لە كەركووك كورد بوون و پێگەی نیە.

ئێ خۆ ئێستا حزبە کوردییەکان جگە لە پارتی، ھەموویان لە کەرکووکن، بەڵام کەرکووکییەکان لەو روانگەیەوە ئەو قسەیە دەكەن كە تا پارتی نەگەڕێتەوە شارەكەیان، ناتوانن بڵێن كورد گەڕاوەتەوە كەركووك. ئەو حزبە كوردستانیانەی ئێستا لە کەرکووکدان و بارەگایان هەیە، هەرچەند دەسەڵاتی هیچیان نیە و ناتوانن بەشە دیوارێكی رووخاوی ماڵە كوردێك بخەنەوە جێگەی خۆی، ناتوانن ئاگرێك بۆ نەورۆز بكەنەوە، ناتوانن بەرگری لە كوردێكی گوندنشینی دەوروبەری كەركووك بكەن تا زەویەكەی داگیر نەكرێت، بەڵام مانەوەیان داننانە بەو واقیعە سەپێنراوە داگیركارییەی كەركووكدا. ئەوە تەنیا پارتی و كوردانی كەركووكن، دەڵێن كەركووك فرۆشراو و داگیركراوە.

لە ڕابردوو و ئێستاشدا، بینیمان رەوشی کورد لە کەرکووک چی بەسەر ھات و بە کوێ گەیشت! لەدوای ئەو بارودۆخەی بەسەر شارەکەدا ھات، بە هەزاران کورد و تەنانەت توركمانیش کەرکووکیان جێ ھێشت و زوڵم و داگیركردنی شارەكەیان پێ قبووڵ نەكرا، گەورەیی پارتییش لەوەدا بوو کە لە دوای ئەو خیانەتە گەورەیەوە تا ئێستا، دانی بەو واقیعە سەپێنراوەدا نەناوە و بەردەوام لەگەڵ هەموو دنیا لەسەر خەتە، كە رێگەچارەیەك بۆ ئەو رەوشە خراپەی كەركووك بدۆزرێتەوە، ئاخر پارتی بوونی كارتۆنیانەی لە هیچ شوێنێك پێ قبووڵ نیە. بۆیە گەڕانەوەی پارتی بۆ كەركووك، یەكسانە بە گەڕانەوەی پێگەی كورد بۆ كەركووك، دڵنیاشم ئەمە روو دەدات.

پارتی بە ڕوونی بە نەتەوەیەکگرتووەکان و ھەموو جیھانی گوت: ”کەرکووک شارێکی فرەپێكهاتەی کوردستانیە و داگیر کراوە“، بەم نزیکانە ئەو بابەتەش یەکلایی دەبێتەوە و کەیسی کەرکووکیش وەکوو ھەموو کەیسەکانی تر لە بەرژەوەندیی کورد تەواو دەبێت. ھەموو لایەنەکان بە یار و نەیار، چاوەڕێی پارتین! حەشد و عەرەبی شۆڤێنیی هاوردە، دەڵێن: ”نابێ پارتی بگەڕێتەوە و كورد لە شارەکە حوکم بکات“، نەتەوە یەکگرتووەکان کێشەی کەرکووک دەبەستنەوە بە گەڕانەوەی پارتی بۆ شارەکە، بەغدا بۆ خۆیشی گەڕانەوەی کوردی بۆ کەرکووک بە پارتی بەستووەتەوە، خیانەتكارانیش هەروەها، کەواتە گەڕانەوەی پارتی بۆ كەركووك، لە دیدی هەموانەوە، گەڕانەوەی پێگەی كوردە بۆ شارەكە.