بۆ جارێکی دیکە باس لە دواخستنی هەڵبژاردن لە عێراق دەکرێت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

بۆ جارێکی دیکە باس لە دواخستنی هەڵبژاردن لە عێراق دەکرێت

”بوونی چەک بەدەستی میلیشاکانەوە هۆکارە بۆ دواخستن و ساختەکاریی هەڵبژاردن“

بۆ جارێکی دیکە باس لە دواخستنی هەڵبژاردن لە عێراق دەکرێت و پەرلەمانتارێکی کوردیش لە بەغدا ئاماژە بەوە دەکات، کە بوونی چەک بەدەستی میلیشاکانەوە هۆکارە بۆ دواخستن و ساختەکاریی هەڵبژاردن.

میدیا عێراقییەکان بۆ جارێکی دیکە لە زاری پەرلەمانتاران و چاودێرانی سیاسییەوە، ئەگەرەکانی بەردەم دواخستنی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق، دەخەنە ڕوو.

بەپێی لێکدانەوەی شارەزایان و چاودێران، چەند هۆکارێکی دنەدەر هەن، کە ئەگەری دواخستی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق زیاتر دەکەن، لەوانە نەبوونی ئەزموون و نەشارەزایی کادیران و دادوەرانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، کە ستافێکی نوێن و رەنگە بە ئامادەکارییەکان تاوەکو 10ی 10ی 2021 ڕانەگەن.

هەندێ سەرچاوەش ئاماژە بە ڕێککەوتنی شاراوە لەنێوان لایەنە سیاسییەکاندا بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پێشوەە بۆ ساڵی 2022، دەکەن، چونکە پارتە سیاسییەکانی عێراق کاندیدی وایان بە دەستەوە نییە، کە یاسا نوێیەکەی هەڵبژاردن لە عێراق دەرفەتی گەیشتن بە پەرلەمانیان پێبدات.

شێروان دووبەردانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: پەرلەمانی عێراق بە کار و ئەرکی خۆی سەبارەت بە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق لە 10-10-2021 هەستاوە، تەنانەت بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی خۆشی دەرکردووە، ئەوەی ماوە کەوتووەتە دەست کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و حکوومەتی عێراق.

شێروان دووبەردانی پێیوایە سەرەڕای ئەوەی ستافی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان ستافێکی نوێیە و رەنگە ئەزموونی لەگەڵ هەڵبژاردن نەبێت، ”بەڵام ئەوە بیانوو نییە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن، خاڵی جەوهەری پەیوەندی بە نەبوونی ئاسایش و دۆخی عێراقەوە هەیە بەدەستی میلیشاکانەوە“.

ئەو پەرلەمانتارەی عێراق جەختی لەوەش کردەوە، کە تاوەکو چەک بەو شێوەیەی ئێستا بە دەستی میلیشاکانەوە بێت، هەموو ئەگەرێک لە عێراق چاوەڕوانکراوە بە ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردنیشەوە، ”تەنانەت ئەگەر ئەنجامیش بدرێ ئەوە ئەنجامی هەڵبژاردن شەفاف و بێ ساختە نابێت، لەبەر ئەوە گرنگە پێش هەڵبژاردن دۆخێک بێتە ئاراوە ئەو چەکانە بەو شێوەیەی ئێستا بە دەستی میلیشاکانەوە نەمێنن“.

هەروەک شێروان دووبەردانی رایگەیاند: عێراق گۆڕەپانی ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێرانە و هەر تۆخبوونەوەیەکی ئەو ململانێیەش، کاریگەری لەسەر هەڵبژاردن دروست دەکات، “ناتوانرێ چاوپۆشی لە هەژموونی دەرەکی بەسەر عێراقەوە بکرێت“.

مستەفا کازمی دوای وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق، رۆژی 6ی حوزەیرانی 2021ی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختەی دیاری کرد، بەڵام رۆژی 19ی کانوونی دووەمی 2021، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە ئامادەبوونی ئەندامانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، کۆبووەوە و بڕیاری دا هەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ 10ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ دوابخرێت، دواتریش پەرلەمانی عێراق بڕیار هەڵوەشاندنەوەی خۆی لە 7-10-2021، دا.