ئەو كاندیدەی لە هەڵبژاردنی داهاتوودا دەبێتە ڕكابەری ئەردۆغان پشتگیریی كوردی پێویستە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

ئەو كاندیدەی لە هەڵبژاردنی داهاتوودا دەبێتە ڕكابەری ئەردۆغان پشتگیریی كوردی پێویستە

ئەردۆغان لە ترسی MHP ناتوانێت بەڵێنیی چارەسەركردنی كێشەی كورد بدات

هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی كۆماری توركیا و پەرلەمان بڕیارە لە ٢٠٢٣دا بەڕێوە بچێت، بەڵام خراپیی ڕەوشی ئابووری و فشاری پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان وای كردووە، شرۆڤەكارانی سیاسی پێیان وابێت لە كۆتایی ئەمساڵ، یان لە مانگی نیسانی ٢٠٢٢دا توركیا بچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە.

یەكێك لەو پرسانەشی زۆر گرنگە و باسی لێوە دەكرێت، ئەوەیە کە ئەگەر پارتی دیموكراتی گەلان (HDP) و دەنگدەری كورد پشتگیری لە كاندیدی ئۆپۆزسیۆن نەكەن، ناتوانن رەجەب تەیب ئەردۆغان سەركۆماری توركیا لەسەر كورسیی سەرۆكایەتیی كۆمار لا ببەن.

بۆ یەكەمجارە كەمال كلیچدارئۆغلۆ سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری (CHP) كە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیایە ڕای گەیاند، ئەگەر پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان پێیان گونجاو بێت، ئەو لە هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆكایەتیی كۆماری توركیا خۆی كاندید دەكات و دەبێتە ركابەری ئەردۆغان.

یەكەم سەركردەی ئۆپۆزسیۆن، مەراڵ ئاكشەنەر سەرۆكی (پارتی باش)، ڕەزامەندیی نیشان دا كە ئەوان ڕازین كلیچدارئۆغلۆ ببێتە كاندیدی هەموو پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان.

بەڵام ئەوەی گرنگە بۆ كلیچدارئۆغلۆ ڕەزامەندیی پارتی باش نییە، بەڵكوو دەنگدەری كورد و دەنگدەری HDPیە.

زۆربەی پێشبینییەكان وای بۆ دەچن، ئەگەر HDP و دەنگدەری كورد، پشتگیری لە هەر كاندیدێكی سەرۆكایەتیی كۆماری توركیا بكەن، ئەو كاندیدە سەركەوتنی مسۆگەرە. نموونەیەكی زیندووش، هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ٢٠١٩ بوو، HDP هیچ كاندیدێكی بۆ سەرۆكی شارەوانیی (ئیستەنبۆڵ، ئەنقەرە، ئەدەنا، مێرسین و ئەنتاڵیا) نەبوو و پشتگیریی لە كاندیدی ئۆپۆزسیۆن كرد، بۆیە هەر ٥ شارەوانی كەوتە دەستی ئۆپۆزسیۆن و لە چنگی پارتی داد و گەشەپێدان AKPیان دەرهێنا.

ئەردۆغان هەموو هەوڵێك دەدات، تا بتوانێت بە قورساییەكی زۆرەوە باكووری كوردستان لە خۆی و پارتەكەی نزیك بكاتەوە، بەڵام ماوەی دوو ساڵ دەبێت نەیتوانیوە ئەو قورساییەی لە ٢٠٠٣ تا ٢٠١٥ لە باكوور هەیبووە، دیسان هەمان قورسایی هەبێت. هۆكارەكەشی روونە، پشتگوێخستنی پرسی چارەسەری و كێشەی كوردە.

یەكێكی دیکە لەو كێشە گەورانەی وای كردووە موحافیزكارە كوردەكانی باكووری كوردستان لە AKP دوور بكەونەوە، هاوپەیمانیی ئەو پارتەیە لەگەڵ پارتی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی (MHP) چونكە ئەو پارتە جگە لەوەی بڕوای بە چارەسەركردنی كێشەی كورد نییە، لە هەمانكاتدا لەڕێگەی میدیاكانەوە سووكایەتی بە كورد وەكوو نەتەوە دەكات.

نزیكبوونەوەی AKP لە MHP، رێگەی بۆ ئەحمەد داودئۆغلۆ و عەلی باباجان نەیارەكانی ئەردۆغان خۆش كردووە، تا چالاكیی سیاسی خۆیان لە باكووری كوردستان برەو پێ بدەن و دەچن لەگەڵ خەڵك قسە دەكەن و باس لە چارەسەركردنی كێشەكانیان دەكەن. هەردوو سەركردە بەڵێنیان داوە، ئەگەر دەسەڵات بگرنە دەست، رێگە دەدەن كورد بە زمانی دایك بخوێنێت، بەڵام ئەردۆغان و AKP لە ترسی هاوپەیمانە بچووكەكەیان MHP بە تەواوی لە باكووری كوردستان غیابیان هەیە.

زۆرێك لە نووسەرانی توركیا، وەكوو (یاڵچن دۆغان و فاتیح ئاڵتایلی) پێیان وایە، ئەگەر كلیچدارئۆغلۆ ببێتە كاندیدی ئۆپۆزسیۆنی توركیا، HDP پشتگیری نەكات، ناتوانێت سەركەوتوو بێت.

یەكێك لەو هۆكارانەی وای كرد، دادگای دەستووری توركیا رەتی بكاتەوە HDP دابخرێت، رازینەبوونی ئەردۆغان و بەشێك لە سەركردەكانی AKP بوون، چونكە بە ئاشكرا گوتوویانە ئەگەر HDP دابخرێت، بە تەواوی دەنگدەری كورد لە دەست دەدەین، بۆیە پرسی داخستنی HDP نەبووە كردار.

ئەوەی كە لە میدیاكانی نزیك لە AKP ەوە باس دەكرێت، لە داهاتوویەكی نزیكدا ئەردۆغان سەردانی باكووری كوردستان دەكات و لەوێ میتینگێكی گەورە بەڕێوە دەبات، پاشان لەگەڵ هاووڵاتییاندا كۆ دەبێتەوە و چەند بەڵێنێكیان پێ دەدات، كە گرنگترینیان ئەنجامدانی پڕۆژەی ستراتیژییە و لەوە زیاتر ناتوانێت لەسەر چارەسەركردنی كێشەی كورد بوەستێتەوە، چونكە ترسی هەیە MHP لە هاوپەیمانی لەگەڵ  AKP بكشێتەوە.

لە هەموو هەڵبژاردنێكی توركیا دەنگدەری كورد ئەوەندە گرنگ بووە، ئەنجامی هەڵبژاردنی گۆڕیوە و كێی ویستبێت هێناویەتییە سەر كورسیی دەسەڵات، بەڵام هیچ كاتێك دەنگدەری كورد نەیتوانیوە ستراتیژییەتی سیاسیی خۆی و بەرژەوەندیی كورد بەسەر كەسی براوەدا بسەپێنێت.