كەركووك... لەسەر دیاریكردنی كاندیدی هەڵبژاردنەكان ناكۆكی كەوتووەتە ناو یەكێتی
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

كەركووك... لەسەر دیاریكردنی كاندیدی هەڵبژاردنەكان ناكۆكی كەوتووەتە ناو یەكێتی

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق تاكو یەكی مانگی داهاتوو، بۆ بەشداریكردنیان لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق ناوی كاندیدی لایەنە سیاسییەكان وەردەگرێت، ئێستاش لە كەركووك لەسەر دیاریكردنی كاندید بۆ ئەو هەڵبژاردنە، ناكۆكیی توند كەوتووەتە ناو یەكێتی.

بەپێی زانیارییەكانی (باسنیوز)، مەڵبەندی كەركووكی یەكێتی ناوی چەند كەسێكی بۆ دەزگای هەڵبژاردن ناردووە، بەڵام لەلایەن ئەو دەزگایەوە، كە ئاسۆ مامەند سەرپەرشتیی دەكات، ڕەت كراونەتەوە، بۆیە لەسەر دیاریكردنی كاندید، ناكۆكیی توند كەوتووەتە نێو یەكێتی. .

هەر بەپێی زانیارییەكانی (باسنیوز)، چەند ئەندام پەرلەمانێكی ئێستا، دەیانەوێت جارێكی تر خۆیان كاندید بكەنەوە، ئەوەش ناڕەزایەتیی جەماوەری یەكێتی و بەرپرسانی مەڵبەندی كەركووكی یەكێتی لێكەوتووەتەوە، كە ئەوان پێداگیری لەسەر ئەوە دەكەن هەر دەبێت كاندید بكرێنەوە، ئەو پرسە ئێستا ململانێی توندی لەنێوان مەڵبەندی كەركووكی یەكێتی و باڵی كەركووكییەكانی ناو سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسیی ئەو حزبەی لێكەوتووەتەوە.

لەمبارەیەوە، ئەمڕۆ هەینی، ئەدهەم جومعە، چاودێری سیاسی، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “دەبوو لایەنە سیاسییەكان، بەتایبەت لە كەركووك، باش كار بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق بكەن، چونكە ئێمە لە كەركووك لە ململانێیەكی نەتەوایەتیی قورسداین، بەڵام بەداخەوە، وەكوو لایەنە سیاسییەكان، پێكهاتەكانی تریش هێشتا لەسەر ناوی كاندیدەكانیان رێكنەكەوتوونە و ئێستا ئەو بابەتە لە كەركووك بووەتە بەرژەوەندیی تاكەكەسی، لایەنە كوردییەكان بەتایبەت یەكێتی، كە ئێستا لە كەركووكە، نەك تەنیا دەرفەتی بە حزبەكانی تر نەداوە (ئەوانەی كە لەناو كەركووكدان)، بەڵكو لەناو حزبەكەی خۆشیان دەرفەتیان بە كۆمەڵێك گەنج نەداوە بێنە پێشەوە و خۆیان كاندید بكەن”.

گوتیشی: “ئەندام پەرلەمانەكانی ئێستا و پێشوویان، هەموویان خۆیان ئامادە كردووە خۆیان كاندید بكەنەوە، تەنانەت گەیشتووەتە حاڵەتێك، بە حزبەكەیان گوتووە ئەگەر كاندیدمان نەكەنەوە، ئەوا وەكوو سەربەخۆ بەشداریی هەڵبژاردن دەكەین و چەند كەسێكیشیان هەڕەشەیان كردووە، هەندێك گەنجیان هەیە ڕاستە حزبین، بەڵام جێی دەستیان دیارە، بەڵام ئەوان كاندید ناكەن و لەبەر بەرژەوەندییەكانیان هەموو مافە نەتەوەیی و كۆمەڵایەتی و خزمەتی خەڵكیان پێشێل كردووە”.

بۆ وەرگرتنی زانیاریی زیاتر لەسەر ئەو پرسە، (باسنیوز) پەیوەندیی بە ئەڵماس فازڵ، ئەندام پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی كرد، بەڵام پەیوەندییەكان بەردەست نەبوون.