چاودێرێكی سیاسی: ئالوگۆڕی بەرپرسانی پۆلیس هیچ لە دۆخی كەركووك ناگۆڕێت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

چاودێرێكی سیاسی: ئالوگۆڕی بەرپرسانی پۆلیس هیچ لە دۆخی كەركووك ناگۆڕێت

"پۆلیس ده‌سه‌ڵاتی نییه‌ و هەموو شتێك لەژێر دەستی حه‌شدى شه‌عبی دایە"



دوای ئەوەی پۆستی به‌ڕێوه‌به‌رى پۆلیسی كه‌ركووك ڕاده‌ستی ئه‌فسه‌رێكى دیكه‌ى كورد كرا و ئالۆگۆر له‌ چه‌ند پۆستێكى دیكه‌ى پۆلیس كرا، چاودێرێكى سیاسی ڕای دەگەیەنێت ئەم ئالوگۆڕییانە هیچ له‌ بارودۆخه‌كه‌ ناگۆڕێت، چونكە لە كەركووك هەموو شتێك لە دەستی حەشدی شەعبی دایە.

به‌پێی نووسراوێكى وه‌زاره‌تى ناوخۆی عێراق كه‌ ئیمزای عوسمان غانمی وه‌زیری ناوخۆی له‌سه‌ره‌، تێیدا بڕیار دراوه‌ به ‌لادانى لیوا عه‌لی كه‌مال له‌ پۆستی به‌ڕێوه‌به‌رى پۆلیس و دانانى عه‌مید كاوه‌ غه‌ریب لە شوێنی ئەو.

به‌پێی زانیارییه‌كانى (باسنیوز)، كه‌ له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى پۆلیسی كه‌ركووك وه‌ریگرتووه‌، جگه‌ له‌ دانانى به‌ڕێوه‌به‌رى نوێی پۆلیسی كه‌ركووك، چه‌ند گۆڕانكارییه‌كى دیكه‌ش كراوه‌ كه‌ بریتین له‌ عه‌مید مازن غه‌ریب كه‌ كورده‌ و له‌ پۆستى به‌ڕێوه‌به‌رى پۆلیسی فریاكه‌وتنى كه‌ركووكه‌وه‌ كراوه‌ته‌ به‌ڕێوه‌به‌رى بنكه‌ى پۆلیسی عروبه‌ى شارى كه‌ركووك و هه‌روه‌ها له‌ شوێنی ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ عه‌مید رزگار ته‌په‌لو دانراوه‌ و عه‌مید هه‌ڤاڵ به‌رزنجی كه‌ به‌ڕێوه‌به‌رى بنكه‌ى پۆلیسی عروبه‌ بوو له‌ناو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى پۆلیسی كه‌ركووك پۆستێكى دیكه‌ى پێده‌درێت.

له‌مباره‌یه‌وه‌ مه‌ریوان جه‌لال چاودێری سیاسی به‌ (باسنیوز)ى ڕاگه‌یاند ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ كه‌ له‌ پۆلیسی كه‌ركووك كراوە، هیچ له‌ دۆخی ئه‌منیی كه‌ركووك ناگۆڕێت، چونكه‌ هه‌موو بڕیاره‌كان به‌ده‌ست فه‌رمانده‌ی پرۆسه‌ هاوبه‌شه‌كانى كه‌ركووكە كە فه‌رمانده‌ی سه‌پێندراوى سه‌ربازییه،‌ هه‌روه‌ها حه‌شدى شه‌عبی له‌ پارێزگاكه‌ حوكم ده‌كات.

گوتیشی به ‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رێكى پۆلیس كوردیش بێت، ئه‌وا هیچ ده‌سه‌ڵاتێكى پێنادرێت، له‌ ڕووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌رى 2017‌وه‌ دۆسیە‌ى ئه‌منی كه‌ركووك له‌ پۆلیس وه‌رگیراوه‌ته‌وه‌، ئێستاش به‌و ئه‌فسه‌ره‌ كوردانه‌ى كه‌ له‌ ئه‌ركی پۆلیسدان، ته‌نیا هه‌ندێك كاری یاسایی و رۆتینیان پێده‌كه‌ن و هیچ دەسەڵاتێكیان نییە.