كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

ژمارەیەك گۆڕی شێخان لە چەمچەماڵ شێوێندران

لە سنووری شاری چەمچەماڵ، گۆڕی ژمارەیەك شێخ دەشێوێندرێن و رووداوەکەش نیگەرانی و كاردانەوەی لێ كەوتووەوە.

سەبارەت بەو رووداوە، بەڕێوەبەری شارۆچكەی تەكیەی كاكەمەندی سەر بە شاری چەمچەماڵ دەڵێ، هێزە ئەمنییەكان لەو رووداوە دەكۆڵنەوە.

مەمەند رەشید، بەڕێوەبەری شارۆچكەی تەكیەی كاكەمەند، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: “بەداخەوە رۆژێك پێش هاتنی مانگی رەمەزان ئاگادار كراینەوە، لە گوندی كانی چناری سەر بە شارۆچكەی تەكیەی كاكەمەند، گۆڕی كۆمەڵێ شێخ، لەوانە شێخ كەریم و شێخ حەمە و شێخ رەزا، شێوێندراون”.

گوتیشی: “هێزە ئەمنییەكان دەستیان بە لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون لەو كارە نەشیاوە كردووە”.

بەڕێوەبەری شارۆچكەی تەكیەی كاكەمەند باسی لەوەش كرد، هێشتا روون نییە بە چ مەبەستێك و لەلایەن كێوە ئەو گۆڕانە شێویندراون، هەركات هێزە ئەمنییەكان روونكردنەوەیان بە ئێمە دا، هەموو لایەكی لێ ئاگادار دەكەینەوە”.

شێخ رەئوف محەمەد، یەكێك لە شێخەكانی ئەو سنوورە، بۆ (باسنیوز) ئاماژەی دا، چوار رۆژە ئەو رووداوە روویداوە و تا ئەمڕۆ لە دەرئەنجامی لێكۆڵینەوەی هێزە ئەمنییەكان سەبارەت بەو رووداوە ئاگادار نەكراوینەتەوە.