كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

وەزارەتی بازرگانی سەبارەت بە بەرزبوونەوەی نرخی مریشکی زیندوو ڕوونکردنەوە دەدات

چەند ڕۆژێکە نرخی مریشکی زیندوو لە هەرێمی کوردستان بەرزبووەتەوە و بەرپرسێکی وەزارەتی بازرگانیش لەمبارەیەوە روونکردنەوە دەدات.


نەوزاد شێخ کامیل، بەرێوەبەری گشتیی بازرگانی و پیشەسازی، بە (باسنیوز) ی راگەیاند: "ئێستا بەھۆی ئەوەی نرخی عەلەف و پێداویستییە پەلەوەرییەکان بەرزبووەتەوە کێڵگە پەلەوەرییەکانیش نرخی مریشکییان بەرزکردووتەوە، ھەروەھا زۆربوونی خواستی ھاووڵاتیان بۆ کرینی مریشک لە مانگی رەمەزاندا یەکێکی دیکەیە لە ھۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی مریشک، چونکە ھاووڵاتیان لە مانگی رەمەزاندا زیاد لە پێویستی خۆیان خواردن و کەلوپەل دەکرن کە ئەمەش وادەکات نرخی ئەو کاڵایە بەرزببێتەوە کە خواستی زۆری لەسەرە".

راشیگەیاند: "لە رێگەی وەزارەتی کشتوکاڵەوە بەدواداچوونمان بۆ ئەو بابەتە کردووە و داوامان کردووە کێڵگە پەلەوەرییەکان، مریشکی زیاتر بەرھەم بھێنن و بیخەنە بازارەکانەوە بۆ ئەوەی چارەسەری زیادبوونی نرخی پێ بکەین، ئەوەش لە چەند رۆژی داھاتوودا چارەسەر دەکرێت".