كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

پۆلیسى دارستان و ژینگە: سزاى ئەو کەسانە دەدەین کە سەیرانگە و شوێنە گەشتیارییەکان پیس دەکەن

وەزارەتی ناوخۆ و کشتوکاڵ و دەستەی ژینگە سەرقاڵی ئامادەکردنى پڕۆژە بڕیارێکن بۆ سزادانى ئەو کەسانەى سروشت و ژینگەى کوردستان پیس دەکەن لە کاتى گەشت و سەیراندا.

نەقیب فوئاد ئەحمەد بەڕێوەبەرى گشتیی راگەیاندنی پۆلیسى دارستان و ژینگەى هەرێمی کوردستان بە (باسنیوز)ى راگەیاند: "بە هاوکارى وەزارەتەکانى ناوخۆ و کشتوکاڵ و دەستەى ژینگەى هەرێمی کوردستان سەرقاڵى ئامادەکردنى پڕۆژە بڕیارێکین بۆ سزادانى ئەو کەسانەى لە کاتى ئەنجامدانى گەشت و سەیران بۆ ناوچە گەشتیارییەکان، سروشت و ژینگەى ئەو ناوچانە پیس دەکەن و پاشماوەى گەشتەکەیان لەدواى خۆیان جێدەهێڵن".

راشیگەیاند: "پڕۆژەکە لە قۆناغى کۆتاییدایە و لە نزیکترین کاتدا دەچێتە بارى جێبەجێکردن، چونکە بەهۆى جێهێشتنى زبڵ و پاشماوە، بەشێکى زۆرى سەیرانگە و ناوچە گەشتیارییەکانى کوردستان بوونەتە زبڵخانەیەکى گەورە و کەڵکى گەشتیان نەماوە، ئەمەش زیانێکى گەورە بە ناوچە گەشتیارییەکان و ژینگە دەگەیەنێت".

ئاماژەى بە ئەوەش کرد: "هاوشێوەى پۆلیسى هاتوچۆ، پۆلیسى دارستان و ژینگە چاودێرى ناوچە گەشتیارییەکان و دارستانەکان دەکات، هەر گەشتیارێک زبڵ و پاشماوەکەى لەدواى خۆى جێبهێڵێ دەستبەجێ پسوڵەى سەرپێچى بۆ دەکرێت و سزاى مادى دەدرێت، هاوشێوەى ئەو رێککاریانەى پۆلیسى هاتوچۆ رۆژانە بۆ رێکخستنى سیستەمى هاتوچۆ پیادەى دەکات".