كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

هەردوو وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و عێراق بەیاننامەیەكی هاوبەشیان بڵاو كردەوە

پێش كەمێك وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە بەیاننامەیەكی هاوبەشدا لەبارەی هێرشەكانی ئەم دواییەی سەر هەولێر و ناوچەكە ڕایانگەیاند كە ئامانجی هێرشەكان لێدانی ڕێككەوتنی ئەم دواییەی نێوان هەولێر و بەغدایە.

لە بەیاننامە هاوبەشەكەدا هاتووە كە هێرشەكانی بەم دواییە كرانە سەر هەولێر و چەند ناوچەیەكی تر، بەشێكن لەو هێرشە تیرۆریستییە ڕێكخراوانەی ئاسایشی عێراق و ئاسایشی هەرێمی كوردستان دەكەنە ئامانج، بۆ مەبەستی تێكدانی ئاشتیی كۆمەڵایەتی و نانەوەی فتنە و ئاڵۆزكردنی دۆخەكە.

هەروەها هەردوو وەزارەتەكە ئاماژەیان بەوە داوە كە لە كاتێكدا ئەم هێرشە تاوانكارییانە سەركۆنە دەكەن، دووپاتیشی دەكەنەوە كە ئەم هێرشانە هەوڵی شكستخواردوون بۆ لێدانی پێشڤەچوونە ئەرێنییەكانی بەم دواییە لە پەیوەندیی نێوان حكوومەتی فیدراڵی و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەدی هاتوون، بە تایبەتی لە ئاستی باڵای هاوئاهەنگیی ئاسایشییەوە.

وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕای دەگەیەنن كە هاوئاهەنگییەكانیان بەردەوام دەبێت لەپێناو زامنكردنی ئاسایشی هاووڵاتییان و ڕووبەڕوونەوەی هەوڵەكانی تێكدانی سەقامگیری.