كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
جەمال عەبدوڵا 15/04/2021

كە مەترسی لەسەر ئاساییشی ھەبوو، ھەرێمی كوردستان سەیركەر نابێت

لە ڕاستیدا ئەگەر خیانەتە گەورەكەی 16ی ئۆكتۆبەر نەبوایە و ئەگەر بەھۆی ئەم خیانەتە گەورەیەوە نیوەی باشووری كوردستان نەدرایەتەوە دەست داگیركەرانی كوردستان، ئێستا نە داعش و نە میلیشیا چەكدارە شیعە لەدەست دەرچووەكان، لەو ناوچە كوردستانیانەی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستان دەبوون و نە ئەم ناوچە كوردستانیانەش دەبوونە مۆڵگەی تیرۆریستان تا بەكار بھێنرێن بۆ ھێرشكردنە سەر ھەرێمی كوردستان.

ئینجا دوای ئەم خیانەتە گەورەیەی 16ی ئۆكتۆبەر، ئەگەر عێراق خۆیشی دەوڵەتێكی فاشیل نەبوایە، دەیتوانی ڕێگە لەو میلیشیا تیرۆریستیانە بگرێت كە لەجیاتی ھێزە فەرمیە ئەمنیەكانی عێراق و سوپای عێراق، بە ئارەزووی خۆیان لەو ناوچە كوردستانیانە تەراتێن دەكەن.

جا ئایا لە كاتێكدا بەشێك لە خاكی كوردستان ببێتە پێگە و بنكەی تیرۆریستان و بۆ ھێرشكردنە سەر بەشێكی تر لە كوردستان، واتە سنووریی ئیداریی ھەرێمی كوردستان، ئایا چاوەڕوان دەكرێت حكوومەتی ھەرێمی كوردستان سەیركەر بێت، یان بۆ پاراستنی ئاساییشی گشتیی ھەرێمی كوردستان و دانیشتوانەكەی، مافی خۆیەتی وەڵامی سەرچاوەی ئەو ھەڕەشانە بداتەوە؟

بەدڵنیاییەوە ھیچ دەوڵەتێك، ھیچ شوێنێك كە حكوومەتی تیا بێت، ئەگەر مەترسی لەسەر ئاساییشە گشتییەكەی دروست بوو، سەیركەر نابێت و وەڵامی دەبێت، كەواتە حكوومەتی ھەرێمی كوردستانیش مافی خۆیەتی وەڵامی ھەبێت، چۆن؟

1- ئەگەر وەڵامی ئەو ھەڕەشانە بە گفتوگۆكردن بێت، دەبێ لەگەڵ حكوومەتی عێراقدا گفتوگۆ بكرێت و بەپەلە ھەرێمی كوردستان لەگەڵ حكوومەتی عێراق و بەیەكەوە بگەنە ئەنجامێك كە یان ھێزە فەرمیەكانی عێراق خۆیان ئەو ھەڕەشەیە نەھێڵن و لە ھەرێمی كوردستانی دوور بخەنەوە، یان بە ھاوبەشی لەگەڵ ھێزی پێشمەرگەی كوردستاندا، ئەو ھەڕەشانە دوور بخرێنەوە.

2 - ئەگەر گفتوگۆكردن لەگەڵ حكوومەتی عێراقدا ئەنجامی نەبوو، ئەویش لەبەر ئەوەی حكوومەتی عێراق دەسەڵاتی بەسەر ئەوانەدا ناشكێت كە ئەو گرووپە تیرۆریستیانە ئاراستە دەكەن، ئەو كاتە ئەو ڕێگەیەی لەبەردەم حكوومەتی ھەرێمی كوردستاندا دەمێنێتەوە ئەوەیە، بە پشتبەستن بە ھێزی پێشمەرگەی كوردستان و ھێزە ئەمنیەكانی خۆی، ئەم ھەڕەشەیە لە ھەرێمی كوردستان دوور بخاتەوە، بەڵام لەم كاتەدا ھێزەكانی ھاوپەیمانان و بەتایبەتی ئەمەریكا ئەركی خۆیانە كە یارمەتی و ھاوئاھەنگی لەگەڵ پێشمەرگەی كوردستاندا بكەن بۆ ئەوەی بە ھەردوو لا ئەم ھەڕەشانەی سەر ھەرێمی كوردستان بنبڕ و دوور بخەنەوە.

ئاخر ھەڕەشەكە، ھەڕەشەیەكی ھاوبەشە بۆ سەر ھەرێمی كوردستان و ھێزەكانی ئەمەریكا لە ھەرێمی كوردستان، واتە ڕاستە ھەڕەشەكە بۆ سەر خاكی ھەرێمی كوردستانە، بەڵام بۆ سەر ھێزەكانی ئەمەریكایشە لەسەر خاكی ھەرێمی كوردستان، ئەو ھێزانەی كە بە ڕەزامەندی و ڕێككەوتنیش لەگەڵ حكوومەتی عێراق لە ھەرێمی كوردستاندان.

3 - دوو خاڵی تری سەرنجڕاكێش لەم ھێرشەدا ھەن، یەكێكیان سەربازی و ئەوی تریان سیاسی، سەربازییەكە ئەوەیە كە ھێرشی ئەمجارە بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان (درۆن) بووە، ھەمان ئەو شێوازەی كە حوسیەكانی یەمەن ھێرشی پێدەكەنە سەر سعودیە، خۆ مەعلوومیشە حوسیەكان لە كوێوە یارمەتی دەدرێن و ئاراستە دەكرێن!

خاڵە سیاسیەكەش ئەوەیە، ئەم ھێرشانە لەدوای تەواوبوونی خولی سێیەمی گفتوگۆی ستراتیژیی نێوان ئەمەریكا و عێراق كراوەتە سەر ھەرێمی كوردستان، دوای تەواوبوونی ئەم خولە لەم گفتوگۆیەش ئەمەریكا و عێراق ڕازی بوون كە ھێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق بكشێنەوە، بەڵام بەبێ ئەوەی ھیچ كاتێك و ھیچ خشتەیەكی زەمەنی بۆ ئەم كشانەوەیە دابنرێت. ڕەنگە ئاماژەنەكردن بە ھیچ كاتێك و ھیچ خشتەیەكی زەمەنی بۆ كشانەوەی ھێزەكانی ئەمەریكا، ئێرانی گەیاندبێتە ئەو قەناعەتەی كە دەبێت لەڕێگەی ئەو گرووپانەوە دەست بە ھێرشكردن بۆ سەر بنكەكانی ئەمەریكا بكاتەوە، جا ئەم بنكانە لە ھەرێمی كوردستاندا بن یان لە بەغدا و بەلەد و عەینولئەسەد.