ژیان و پەیوەندییەكان لە گوندەكانەوە بۆ شارەكان
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
كه‌یوان ئازاد 15/04/2021

ژیان و پەیوەندییەكان لە گوندەكانەوە بۆ شارەكان

بەرەوپێشچوونى ژیانی كۆمەڵایەتی لە كوردستانى كۆن، گوندنشیانی بەرەو ژیانێكى نوێ هێنا، ئەویش دروستكردنى شارەكان بوو. بەو پێیەشی (ئافرەت) لە سەردەمى دەركەوتنی گوندی كشتوكاڵیدا سەرۆكی خێزان و بەرپرسی پەیوەندییەكان بوو. واتە ئەركەكان هەر لە بەڕێوەبردنی كاروباری ماڵ و خێزان و سەرپەرشتیی زەوییەكان و ئاژەڵداری و پەیوەندی لەگەڵ هاوگوندییەكاندا لەئەستۆی ئەودا بووە.

هەر بۆیە تا ئەو لە پێشەوە بوو، گوندەكان بەرەوپێش دەچوون، بەڵام كاتێك لەسەر دەستى (پیاو) پاشەكشەى پێ كرا، لە گوندەكانەوە بۆ شار و دروستكردنى شارەكان كۆچى پێ كرا، بەڵام بۆ پێدەشت و زەوییە تەختەكان نا، بەڵكوو لە دۆڵ و تەپۆڵكە و گرد و بەرزاییەكان لە شێوەی (قەڵا). ئەوەش دواى ئەوەی ململانێ لەنێوان تاك و خێزانەكان لەسەر زەویی كشتوكاڵی سەرى هەڵدا و (شەڕ) دروست بوو.

سەرەنجام پەیوەندییەكان ڕوویان لە گرژی و ئاڵۆزی كرد، بۆیە بەهۆی ئەو ململانێیانەوە، ئافرەت لە سەرۆكایەتیی خێزان و گوندەوە پاشەكشەی پێ كرا و پیاو شوێنی ئەوی گرتەوە. شوێنگرتنەوەی پیاویش مانای ئەوە بوو، كە لێرە بەدوا شێوازی پەیوەندییەكان قسە و باس و پێكدادانی تێ كەوت. لێرەوەش نەریتی (ڕێكکەوتنامە) لەنێوان خێزان و ئەندامانی گوندەكە و گوندەكانی هاوسێی سەری هەڵدا، كە ئەوەش سەرەتای دەركەوتنی داڕشتنی پەیوەندی بوو لەسەر بنەمای ڕێكکەوتنامە و بەرژەوەندیی ئابووری و دواتر سیاسی. ئەو كارەش بە پیاو دەكرا، نەك ئافرەت، بۆیە پیاو شوێنى ئەوى گرتەوە.

لێرەوەش پەیوەندیی شارنشینی وەك یەكەمین پەیوەندیی پێشكەوتوو و دەوڵەتكەی شاریش وەك یەكەمین پەیوەندیی سیاسی لە مێژووی كوردستانی كۆندا دەركەوت. یەكەمین شار و دەوڵەتكەی شاریش لە كوردستاندا (ئەربائێلۆ)، یان بە واتایەكی تر شاری (هەولێر) بوو. ئەو شارەی بەسەر قەڵایەكەوە دروست كرا و بنەماكانی پەیوەندیی شارنشینی تێدا دامەزرا.

بەمەش دەركەوتن و دروستبوونی پەیوەندیی شارنشینی لە كوردستانی كۆندا، فراوانبوونی ئاستی پەیوەندی لەسەر بنەمای زەویی كشتوكاڵی و ئاژەڵداری بۆ بازاڕ و دوكان و كاری بازرگانی، لەگەڵ خۆى هێنا. لێرەوەش ژیان ئاڵۆزیی تێكەوت و پەیوەندیی كۆمەڵایەتی بووە پرد و ڕاستكەرەوەی ئاڵۆزیی نێوان تاك و خێزانەكان.

ئەم دیاردەیەش لە ژیان پێویستی دەركەوتنی دەسەڵاتی وەك سەرپەرشتیكار و بەڕێوبەری شارەكە هێنایە ئارا. كۆنترین دەسەڵاتدارێكیش بۆ ئەو شارە، كە چووبێتە لاپەڕەكانی مێژووەوە (ئیراننا) بووە، كە لە ناوەڕاستی هەزارەی سێیەمی پێش زایین ژیاوە و فەڕمانڕەوایەتیی دەوڵەتكەی شاری ئەربائێلۆی كردووە. ئەوەش بە وتەی (سۆشین) پادشای زنجیرەی بنەماڵەی ئووری سۆمەری.

لێرەوە بۆمان ڕوون دەبێتەوە، كە مێژووی پەیوەندیی كۆمەڵایەتی لای كورد بۆ ئەو پێگە جوگرافیاییە دەگەڕێتەوە، كە سەردەمانێكە (كوردستان)ی پێ دەڵێن. پەیوەندییەكانیش پێداویستییەكانی مێژوو و ژیان هێنایانە گۆڕێ، نەوەك لەپڕ و بێ بەرنامە دەركەوتبێت، بۆیە بە هەڵەدا ناچین ئەگەر بڵێین، بەشێنەیی و لەسەرخۆ گەشەی كردووە، نەوەك بە ڕێكەوت و خێرا، چونكە لە (شەست هەزار) ساڵ پێش زایینەوە، تا (سێ هەزار) ساڵ پێش زایین.

واتە لە ژیانی خێزانی لە ئەشكەوتی شانەدەرەوە، تا ژیان لە شاری هەولێر، زۆر بەهێواشی هەنگاوی ناوه، تا گەیشتە ئەو ئاستەی پەیوەندییەكان بەرەو پێشەوە بچن. هەر لەو نێوەندەشدا و دوای گەشەكردنی ئاستەكانی ژیان و پاشەكشەی ئافرەت، ڕەگەزی نێر وەك پارێزەر و گەورەی خێزان و كۆمەڵ خۆی سەپاند. بەدوایدا ئافرەت وەك پارێزەری شەرەفی پیاو و خێزان و كۆمەڵ و هۆز و تیرەكان ناسرا.

ئەوەش وای كرد بۆ ئەوەی ئافرەت شەرەفی پیاو و خێزان و كۆمەڵگا نەبات و سووكایەتیی پێ نەكرێت، پیاوەكان نەك هەر بێنە پێشەوە، بەڵكوو بكەونە هێنانی فرەژنی! بە هیوای ئەوەی منداڵی زۆریان لە ڕەگەزی نێر بۆ بێتە دونیا، تا لە لایەك پارێزگاری لە زەوییە كشتوكاڵییەكان و بەرژەوەندیی باوكەكانیان بكات. لە لایەكی ترەوە شەرەفی ئەو خێزان و كۆمەڵە بپارێزن، كە بە بڕوای ئەوان ڕەگەزی مێ دەیشكێنن.

ئامانجیش لەو بیركردنەوەیە سووكایەتی نەكردن بوو بە خێزان و هۆز و تیرەكان. ئەوەش دوای ئەوەی لە ئەنجامی ململانێی خێزان و تیرە و هۆز و گوندەكان لەسەر خاوەندارێتی بۆ زەوی، بەدحاڵیبوون و شەڕ لە شێوازی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان، سەری هەڵدا و بەدوایدا ڕێكکەوتنامە هاتە ئارا. لەنێو ڕێكکەوتنامەكانیشدا بەخشینی كچ یان ژن، لە لایەن بەرەی شكستخواردووەوە بە لایەنی سەركەوتووی ململانێیەكە، ئەوەی بە بیر خێزان و كۆمەڵگاكاندا هێنا، كە ڕەگەزی مێ گەورەیی و شەرەف و ڕەوشت و توانای خێزان و تیرە و هۆز و كۆمەڵگاكە دەخاتە مەترسییەوە.

دواجار بە دیوێكی تردا، لەنێو كۆمەڵ و كۆمەڵگاكەیدا سووكی بكات. هەر لێرەوەش عەرەبەكانی نیمچەدوورگەی عەرەبی لەسەر ئەو بڕوایەی، كە كچەكانیان لەلایەن دوژمن و نەیارانی تیرە و هۆزەكانیانەوە بە كۆیلە نەكرێن و لە خوێندا نەدرێن، بە منداڵی زیندەبەچاڵیان دەكردن.

لەم واقیعەشەوە كۆچى گوندنشینان بۆ شارەكان و دروستكردنى شارەكانیش بەسەر تەپۆڵكە و گرد و چیاوە لە شێوەی قەڵا، لای دانیشتوانى كوردستانى كۆن سەرى هەڵدا. بەوەش ڕۆڵى سەرۆكایەتیی خێزان و كۆمەڵگا لە ڕەگەزى مێ سەنرایەوە و ڕەگەزی نێر ئەو ڕۆڵەى وەرگرتەوە، كە لە سەردەمى گوندی كشتوكاڵییەوە وازی لێ هێنابوو.