كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

سەرکردەیەکی گۆڕان: ئەوانەی كاڵای قاچاخ دێننە سلێمانی كەسانی باڵای حزبیان لەپشتەوەیە

”ھێزی چەکدارمان نییە بۆیە پەرلەمانتارەکانمان لەسەر ئاشكراكردنی قاچاخچێتی دادگایی دەكرێن“

ئەندامێكی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، ڕای ده‌گه‌یه‌نێت، ئەوانەی کاری قاچاخچێتی ده‌كه‌ن و کاڵای ماوەبەسەرچوو دەھێننە نێو شاری سلێمانی، "تاوانێکی گەورە" دەکەن و کەسانی پلەباڵای نێو حزبیان لە پشتەوەیە و خه‌ڵكی هه‌ژار و بێپشت ناتوانێ ئه‌و كاره‌ بكا.

ڕۆژی سێشەممە ١٣ی نیسانی ٢٠٢١، هەریەك لە عەلی حەمەساڵح و دابان محەمەد، ئەندامانی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان، بە تۆمەتی ناوزڕاندن و پاش ئاشكراكردنی دۆسیەی قاچاخچێتییەكانی دەروازەی سنووریی باشماخ لە پارێزگای سلێمانی، بانگهێشتی دادگا كران.

لەمبارەیەوە عوزێر فەقیانی، ئەندامی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان بە (باسنیوز)ی راگەیاند، ئەوانەی کاری قاچاخچێتی ده‌كه‌ن و کاڵای ماوەبەسەرچوو دەھێننە ناو شاری سلێمانی، "تاوانێکی گەورە" دەکەن، ڕوونه‌ كه‌ ئه‌وانه‌ی قاچاخچێتی ده‌كه‌ن، کەسانی پلەباڵای ناو حزبیان لەپشتەوەیە، چونکە عەرەبانەچییەک و شۆفێرێکی تاکسی ناتوانێت کاری قاچاخچێتی بکات.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد: ”بەردەوام لە ده‌روازه‌ی باشماخه‌وه‌ قاچاخچێتی دەکرێت، کاتێکێش پەرلەمانتارەکانی بزووتنەوەی گۆڕان باسی قاچاخچێتی و کاڵای ماوەبەسەرچوو دەکەن، لەبەر ئەوەی گۆڕان ھێزێکی مەدەنییە و ھێزی چەکداریی نییە، ئەوان سکاڵای یاسایی لە دژی پەرلەمانتارەکانمان تۆمار دەکەن، بۆیە ھەقی خۆیەتی کاتێک دۆسیەیەکی مەترسیدار لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان دەجووڵێنن، خەڵک و حکوومەتی ھەرێمی كوردستان پاڵپشتیی لەو پەرلەمانتارانە بکەن“.

عوزێر فەقیانی، ئاماژەی بەوەش کرد، کاری قاچاخچێتی و ھێنانی کاڵای ماوەبەسەرچوو لە ده‌روازه‌ی باشماخ و ده‌روازه‌كانی دیکەوە بەزیادەوە دەکرێت، بەڵام "کاتێک ئێمە دەسەڵاتمان نەبێت، ڕێگری لە قاچاخچێتیی ده‌روازه‌كان بکەین، تەنیا دەتوانین خەڵکی ھۆشیار بکەیەنەوە و پەرلەمانتارەکانمان، حکوومەتی ھەرێمی كوردستان و پەرلەمانی کوردستان ئاگادار بکەنەوە".