كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا دوای دەمیرتاش بڕیارێكی دیكه‌ی دژی توركیا دا

 دوای ئەوەی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا، داوای لە توركیا كرد بەپەلە سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی پێشووی پارتی دیموكراتی گەلان HDP ئازاد بكات، بڕیارێكی دیكه‌ی دژی توركیا دا و، داوای لێ دەكات ئەحمەد ئاڵتان و موراد ئاكسۆی نووسەرانی دیاری توركیا ئازاد بكات.

زیاتر لە سێ  ساڵە هەردوو نووسەری دیاری توركیا (ئەحمەد ئاڵتان و موراد ئاكسۆی) لە توركیا زیندانی كراون، پارێزەری تایبەت بەو دوو نووسەرە، دۆسیەكەی بردە دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا و ئەو دادگایەش بڕیاری دا ئەو دوو نووسەرە ئازاد بكرێت.

دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا، توركیا بە پێشێلكردنی ئازادیی رادەربڕین تۆمەتبار دەكات، هەروەها دەڵێت ئەو دوو نووسەرە هەرچییان نووسیبێت لە چوارچێوەی ئازادی رادەربڕین بووە و هیچ پێشێلكارییەكیان نەكردووە تا دەستگیر بكرێن.

دادگا لە ١٣/٤/٢٠٢١ بڕیاری داوە، توركیا قەرەبووی دارایی ئەحمەد ئاڵتان بە بڕی ١٦ هەزار یۆرۆ بكاتەوە.

هەروەها بڕیاری ئەوەشی داوە، كە بڕی ١١ هەزار و ٥٠٠ یۆرۆ وەكوو قەرەبوو بدرێتە موراد ئاكسۆی، چونكە پێشێلكارییان بەرامبەر كردووە.

دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا داوای لە توركیا كردووە، رێز لە بڕیاری دادگا بگرێت و ئەو دوو نووسەرە ئازاد بكات، بەڵام تاوەكوو ئێستا لە لایەن حكوومەتی توركیاوە هیچ لێدوانێكی فەرمی لەبارەی ئەوەی دەچنە ژێر باری ئەو بڕیارەی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپاوه‌ یان نا.