كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

هێمن هەورامی: چاوەڕێی پابەندبوونی بەغداین بە یاسای بودجە

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، هەرێمی کوردستان چاوەڕێی پابەندبوونی حکوومەتی عێراقە بە یاسای بودجە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 14-4-2021، هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمان بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند: دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان تایبەتە بە ساڵوەگەڕی کارەساتی ئەنفال و تێیدا ”بە ئامادەبوونی لایەنی حکوومەت، باسی پرۆژەکانی گەرمیان دەکەین“.

هێمن هەورامی لەبارەی گەیشتنی راپۆرتی چاکسازیی حکوومەت، رایگەیاند: راپۆرتی دووەمی چاكسازیی حکوومەت ”لەم دوو سێ ڕۆژە“ دەگاتە پەرلەمانی كوردستان، کە راپۆرتێکی جیاواز دەبێت لە راپۆرتەكانی دیكە، چونكە زیاتر تیشک دەخاتە سەر داتاکان لەبارەی جێبەجێكردنی هەنگاوەكانی چاكسازی.

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی یاسای بودجەوە، رایگەیاند: حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەموو پابەندییەكی بە یاسای بودجەی عێراق راگەیاندووە، ”چاوەڕێ دەكەین بزانین حكوومەتی عێراق لە ماوەی 20 رۆژی داهاتوودا پابەند دەبێت یان نا، بە تایبەتیش بۆ مووچەی سێ مانگی رابردوو“.

هێمن هەورامی جەختی لەوە کردەوە، کە هیچ لایەنێكی سیاسی پێی خۆش نییە لێبڕینی مووچە هەبێت،  بەڵام ”چاوەڕێی حکوومەتی عێراق دەکەین“ بۆ پابەندبوون بە یاسای بودجە و تاچەند بەغدا پابەند دەبێت بەو پارەییەی بەپێی یاساکە دەبێ بینێرێت.