كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
حەمەڕەشید هەرەس 13/04/2021

دیسانەوە حندێری

وتمان حندێری ئەو دوو پارچە چەرمەیە، کە دەینێن بە هەردوو لاچاوی ئەو دوو ئەسپەی عارەبانەکەی پێ رادەکێشن، ئەمەش بۆ ئەوەیە، لە کاتی هاژۆتنی عارەبانەکەدا لەگەڵ یەکتر شەڕ نەکەن، بۆ ئەوەش ئەگەر لایان کردەوە، ئەسپی تر نەبینن و بەرەو لای بچن، مانای بۆ ئەوەی ئاگایان هەر لای ئەو لغاوە بێت، کە کردوویانەتە دەمیان و بەو جڵەوەوە بەستراوە، کە عارەبانەچییەکە بەهۆیەوە کۆنترۆڵیان ئەکات.

لەمێژە کۆمەڵگای کوردی بە حندێریی جۆرەها دوژمن چاوی لە بەرژەوەندیی ئەوان زیاتر هیچی تر نابینێت، هەموو ئەو هەوڵانەش بۆ ئەوە بووە، ئیتر لە حندێریی زلهێزەکانی وەك ئینگلیز و رووس و ئەوروپییەکانەوە بیگرە، تا دەگاتە هەردوو ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و سەفەوی و ئینجا مەسەلەی ئەو هێزە ئیسلامییانەی، کە بە دنەی وڵاتانی دراوسێ، مێشکی تاکی کوردیان وا لێ کردووە، لە ویستی ئەوان واوەتر ناچێت، کەسایەتییەکی وایان لەم کوردە دروست کردووە، ئەوەی بیری لێ نەکاتەوە مەسەلە نەتەوەییەکەیە.

ئێستا کەسی کورد لە شەقامی کوردیدا، هەموو مەبەست و مەسەلەکەی بووەتە مووچە و بژێوی، هەموو مەبەست و مەسەلەی بووەتە باسی گەندەڵی و دزیی بەرپرسان، چاوداپچڕێن بەو هەموو ئۆتۆمبێلە گرانبەها و کۆشکە سەیرانەی هەیانە و ئەو هەموو بزنسە زەبەلاحانە و ئەو فەرهوودەی، کە مافیاکان لە کوردستاندا دەستیان داوەتێ و دزی وا دەکرێت لە هیچ وڵات و هیچ کۆمەڵگایەکدا وێنەی نییە، بە کورتی، منداڵێکیش درکی بەوە کردووە، جەستەی ئابوورییەکەی ژێربەژێری خوێنیان بەرداوە و کۆمەڵگایان پێ کرمەڕێز کردووە.

ئا ئەوەیە حندێری، کەوا تاکی کورد لای پێ ناکرێتەوە، بزانێت مەسەلە سەرەکییەکەی، کە لە کێشە نەتەوەییەکەیدا خۆی دەبینێتەوە.

دوژمن ئاگری دووبەرەکی خۆش کردووە، بە سەدان ئۆفیس کار بۆ مێشک شوشتنەوەی کۆمەڵگا ئەکەن، بە پلانێکی شەیتانی و دوور لە یاسا و رێسا، پارەی کوردستانیان بڕیوە، کە زۆربەی خێر و بێری کوردستانەکە خۆیەتی، ناوەندی بڕیار بەتەواوەتی ئیفلیج کراوە، کەسایەتیی ژیر و بەتوانایان توانابڕ کردووە، ئەمانە هیچی بە ناپاکیی کورد نەدەکرا، ئەگەر پاڵپشتێکی قایمیان بەدواوە نەبێت. ئەمڕۆ داهاتەکە ئەوەندە زۆرە، جۆرەها مافیای بەیەکەوە ئاشت کردووەتەوە، هەر کەسەو بەشی خۆی حەپەلووش ئەکات و چاو لەوی تر ئەپۆشێت، کوێرەوەرییش بۆ کۆمەڵگاکە رۆژبەڕۆژ کەڵەکە دەبێت. ئەگەر دووبەرەکی نەبوایە، بێگانە ئاوا بەئاسانی لەسەر خوێنی کورد دەوڵەمەند نەدەبوون و کوردیش خوێنبەربوونی بۆ ماوەتەوە.

کوردەکەی برام، ئەو حندێرییە لاببە و سەیری ئەملاولای خۆت بکە و بیر بکەرەوە، دوای ئەوەش هەر بیر بکەرەوە، ئینجا کە جوان بیرت کردەوە، بیرێکی قووڵی تریشی لێ بکەرەوە، کێشەی ئێمە بیرنەکردنەوەیە.