كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

سندوقی نەختی نێودەوڵەتی: ئەو وڵاتانەی زووتر پێكوتەی كۆرۆنا بەكاردێنن ئابوورییان دەبووژێتەوە

ئەمڕۆ سێشەممە سندوقی نەختی نێودەوڵەتی ڕای گەیاند ئابووریی ئەو وڵاتانەی زووتر پێكوتەی كۆرۆنا بەكار دێنن، زووتر دەبووژێتەوە و دەگەڕێتەوە دۆخی جاران.

سندوقی نەختی نێودەوڵەتی لە راپۆرتێكدا پێشبینی كردووە تەواوكردنی وەرگرتنی پێكوتەی كۆرۆنا لەلایەن هاووڵاتییانی هەر وڵاتێكەوە كاریگەری ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر چاكبوونەوەی ئابوورییەكەیان، ئەمەش دوای ئەوەی بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا زیانی گەورەی لە ئابووریی وڵاتانی جیهان دا.

بەپێی سندوقی نەخت، چەند وڵاتێكی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقیا كە زووتر دەستیان بە وەرگرتنی پێكوتەی كۆرۆنا كرد، ئابوورییەكەیان دەگەڕێتەوە دۆخی بەر لە بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا.

جێی باسە بەپێی سندوقی نەختی نێودەوڵەتی، وڵاتانی عەرەبی و وڵاتی ئێران لە ماوەی ساڵی رابردوودا تێكڕای بەرهەمی ناوخۆییان بەڕێژەی 3,4٪ كەمی كرد، ئەمەش دوای دابەزینی نرخی نەوت و سەپاندنی قەدەغەی هاتوچۆ بەهۆی پەتای كۆرۆناوە.

سندوقی نەختی نێودەوڵەتی هەروەها پێشبینی كردووە ئەمساڵ تێكڕای بەرهەمی ناوخۆیی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ڕێژەی 4٪ بەرز بێتەوە.

سندوقەكە ئەوەشی باس كردووە كە ئەو وڵاتانەی خەمساری دەنوێنن لە وەرگرتنی پێكوتەی دژە پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا، پێشبینی دەكرێت چاكبوونەوەی ئابوورییەكەیان بۆ ساڵانی 2022 و 2023 دوابكەوێت.

لەمبارەیەوە جیهاد ئەزعور بەڕێوەبەری بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیای ناوەڕاستی سندوقی نەخت بە ئاژانسی هەواڵی "فرانس پرێس"ی راگەیاندووە كە چاكبوونەوەی ئابووری لە نێوان وڵاتاندا جیاواز دەبێت و ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە وەرگرتنی پێكوتەی كۆرۆناوە.

گوتیشی ئەو وڵاتانەی زوو پێكوتەی كۆرۆنا بە هاووڵاتییانیان دەدەن، خێراتر ئابوورییەكانیان چاك دەبێتەوە و دەبووژێتەوە لەچاو ئەو وڵاتانەی خەمساردن و دوادەكەون لە پێدانی پێكوتەی كۆرۆنا بە هاووڵاتییانیان.

جێی باسە ئیسرائیل و چەند وڵاتێكی كەنداوی عەرەبی بە زوویی پێكوتەی كۆرۆنایان بەسەر هاووڵاتییانی خۆیاندا دابەش كرد، بۆ ئەوەی زووتر بگەڕێنەوە دۆخی بووژانەوەی ئابووریی بەر لە بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا.