گاگارین کێشە دەخاتە نێوان رووسیا و ئەمریکا
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

گاگارین کێشە دەخاتە نێوان رووسیا و ئەمریکا

 دوای زیاتر لە نیو سەدە لە مردنی، یۆری گاگارین، یەکەم کەس کە چووە بۆشایی ئاسمان، کێشەیەکی نوێ لەنێوان رووسیا و ئەمریکا دروست دەکات.

دیمتری روگۆزین، سەرۆکی ئاژانسی بۆشاییگەریی رووسیا (رووسکۆسمۆس) بەتوندیی رەخنەی لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گرت، بە فەرامۆشکردنی ناوی گاگارین لە پەیامەکەیدا، کە لە یادی 60 ساڵەی ناردنی یەکەم مرۆڤ بۆ بۆشایی ئاسمان بڵاوی کردەوە.

دوێنێ دووشەمە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، بە بۆنەی رۆژی گەشتی جیهانیی مرۆڤ بۆ بۆشایی ئاسمان لە 12ی نیسان، لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، نامەکانی بە زمانی رووسی و ئینگلیزی بڵاو کردنەوە، بەڵام هیچ ئاماژەیەکی بە ناوی یەکەم گەشتیاری بۆشاییگەریی رووسی نەکردبوو، کە لە ساڵی 1961دا و بەر لە حەوت ساڵ لە مردنی، یەکەم گەشتی بۆ بۆشایی ئاسمان کردووە.

رۆگوزین، کە بە کەسێکی نەتەوەیی رووسی و لێدوان ئاگرین ناسراوە، دوێنێ دووشەمە لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر) نووسیویەتی: ”هێزە گەورەکان بەم شێوەیە هەڵسوکەوت ناکەن“. 

رووسیا لە یادی 60ەمین ساڵەی گەشتی گاگارین بۆ بۆشایی ئاسمان ئاهەنگێکی گێڕا، کە بە قۆناغێکی گرنگی سەرکەوتنی مۆسکۆ لە بواری بۆشاییەگەریدا دەزانێ.

 لای خۆشیەوە فلادیمێر پۆتین، سەرۆکی رووسیا رای گەیاند، پێویستە رووسیا پێگەی (ئەتۆمی و بۆشاییگەری)ی خۆی بپارێزێ، لەکاتێکدا کەرتی بۆشاییەگەریی رووسی رووبەڕووی چەندین ئاستەنگ بووەتەوە.

پار لە هەمان بۆنەدا، رۆگوزین رەخنەی لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گرت، کە لە راگەیاندراوەکەیدا ئاماژەی بە ناوی یۆری گاگارین نەکردبوو.

ئەوکات رۆگوزین گوتی: ”هەوڵی سڕینەوەی شوێنپەنجەی رووسیا لە مێژووی جیهان، لە یادەوەریماندا نایسڕێتەوە، بەڵکو ئەو خووە لەلایەن ئەوانەوە پەیڕەو دەکرێ، کە لە بەری دیکەی ئۆقیانووسەوەن“، وەک ئاماژە بۆ ئەمریکا.