كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

دزی و کوشتن و تیرۆر لە بەغدا لەزیادبووندان

رۆژ دوای رۆژ دیارەی کوشتن و تیرۆر و دزی لە شارەکانی عێراق و بەتایبەت لە بەغدای پایتەخت روو لە زیادبوونن.

ئەمڕۆ سێشەممە 13/4/2021 سەرچاوەیەکی ئەمنی رای گەیاند، زنجیرەیەک تاوان لە بەغدای پایتەخت روویان داوە، لەوانە کوشتن و فڕێدانی بۆمب و دزی.

سەرچاوەکە بۆ دەزگاکانی راگەیاندن ئاشکرای کردووە: ”ئەمڕۆ سێ شەمە، لە شاری سەدر لە رۆژهەڵاتی بەغدای پایتەخت، دوو کەس بە سواری ماتۆڕسکیلێکەوە تەقەیان لە هاووڵاتییەک کردووە و و برینداریان کردووە، هەروەها بڕی 17 ملیۆن دیناریشیان لێ دزیوە“.

سەرچاوەکەی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ”بریندارەکە گەیاندراوەتە نەخۆشخانە و لەژێر چارەسەریی پزیشکی دایە“.

هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ”لە ناوچەی راشدییە لە بەغدا، کەسانی نەناسراو بۆمبێکی دەستییان فڕێ داوەتە ناو ماڵی هاووڵاتییەک و رووداوەکە زەرەر و زیانی بەر خانوو و ئوتومبێڵی خاوەن ماڵەکە گەیاندووە“.

سەرچاوەکە راشی گەیاندووە: ”هەر ئەمڕۆ، لە گەڕەکی نەسڕ، بەهۆی کێشەی خێزانی، کەسێک تەقەی لە هاوژینەکەی خۆی کردووە و هەردوو قاچی بریندار کردوون و خۆیشی بۆ شوێنی نادیار رای کردووە“.

هەر لە چوارچێوەی ئەو گرتن و کوشت و راوەدوونانەدا کە لە بەغدا روو دەدەن، ئەوەی ئاشکرا کرد: ”چەند چەکدارێکی نەناسراو تەقەیان لە گەنجێک کردووە و کوشتوویانە، کە لەدایکبووی 1999ی ناوچەی عەبایجی یە“.

سەرچاوەکە ئەوەشی گوتووە، کە هێزە ئەمنییەکان لێکۆڵینەوە لە رووداوەکانی ئەمڕۆی بەغدا دەکەن.