كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

بەوێنە.. گوندی پاڵنگان و مەزارگەی عەکاشە دوو ناوچەی گرنگی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

گوندی پاڵنگان و مەزارگەی پیرۆزی عەکاشە دەکەونە پارێزگای سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و جێگای سەرنجی گەشتیار و ئیماندارێکی زۆری لە ناوچەکەن.

گوندی پاڵنگان کە دەکەوێتە ناوچەی هەورامانی ژاوەرۆ و لە نزیک شاری کامیارانە، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ پێش هاتنی ئیسلام، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجی گەشتیاری ناوخۆیی و بیانییە، شێوەی بیناسازیی گوندەکەیە کە خانووەکانی بە قەدپاڵی چیایەکەوە لە شێوەی پلیکانە دروست کراون.

پاڵنگان تا پێش هاتنە سەرکاری هەڵۆخانی ئەردەلان (١٥٨٦-١٦١٦)، وەک پایتەختی میرنشینی ئەردەڵان ناسراوە. بەپێی دوایین سەرژمێرییەکان، ١٩٤ خێزان لەم گوندە دەژین، کە کۆی گشتیی دانیشتوانەکەی دەگاتە سەرووی ٨٢٠ کەس.

یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی پاڵنگان کە ساڵانە ژمارەیەکی زۆر لە گەشتیاران لە سەرانسەری ئێران و بگرە دەرەوەی وڵاتیشەوە ڕادەکێشێت، ڕێوڕەسمی جەژنی نەورۆزی کوردەوارییە، کە تێیدا دانیشتوانی گوندەکە مەشخەڵی ئاگر دادەگیرسێنن و بەسەر چیاکانی پشت گوندەکەدا هەڵدەگەڕێن.

هەر لەم ناوچەیە زیارەتگەیەک بە ناوی (زیارەتگای حەزرەتی عەکاشە) کەلە نزیک گوندی "کاشتەر"ە کە خەڵکێکی زۆری بڕوادار ساڵانە سەرداری دەکەن. وەک مێژووی زارەکی ناوچەکە باس دەکات، عەکاشە یەکێک لە ئەسحابەکانی پێغەمبەری ئسلام (د.خ.) بووە کە لە سوریاوە هاتووەتە ئەم ناوچەیە کوژراوە و نێژراوە و چەندین گێڕانەوەی دیکەش لەمبارەوە هەیە.

مێژوونووسان بڕوایان وایە کە ناوی ڕاستەقینەی ئەسحابە عەکاشە، موعینەددینی ڕووحانی بووە، بەڵام هەندێکیش بە ئیبنی موحسینی ئەسەدی ناویان هێناوە.

ئەم مەزارگەیە دەکەوێتە نزێک گوندی کاشتەرەی سەر بە کامێران و لە سەر ڕێگای پاڵنگانە. هەر ئەمەش وای کردووە کە ئەو گەشتیارانەی سەردانی پاڵنگان دەکەن، سەرنجیان بۆ لای ئەم شوێنەش ڕابکێشرێت.