عێراق.. زۆرترین تووشبون بە پەتای کۆرۆنا تۆمار کرا
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

عێراق.. زۆرترین تووشبون بە پەتای کۆرۆنا تۆمار کرا

وەزارەتی تەندروستیی عێراق تۆمارکردنی زۆرترین ژمارەی تووشبوون بە پەتای کۆرۆنای راگەیاند.

ئەمڕۆ سێشەممە 13-4-2021، وەزارەتی تەندروستیی عێراق لە بەیاننامەیەکدا، رایگەیاندووە: لە هەفتەی رابردوودا، 51 هەزار و 287 حاڵەتی تووشبوون بە کۆرۆنا تۆمار کرا، کە زۆرترین ژمارەی تووشبوونی تۆمارکراوە لە ماوەی یەک هەفتەدا.

وەزارەتی تەندروستیی عێراق ئاماژەی بەوەش کردووە، هەر لە هەفتەی رابردوودا، 250 حاڵەتی مردن بەهۆی تووشبوون بە کۆرۆنا، تۆمارکراوە.

هەروەک وەزارەتی تەندروستی رایگەیاندووە، زیادبوونی ژمارەی تووشبووان بەو ئاستە لە ماوەی یەک هەفتەدا، بەهۆی گردبوونەوەی خەڵک، قەرەباڵغی لە شوێنە گشتی و تایبەتەکان و پابەندنەبوونی هاووڵاتییانە بە رێکارە خۆپارێزییەکان.

لە بەیاننامەکەدا، وەزارەتی تەندروستیی عێراق داوای لە خەڵک کردووە پابەندی رێکارە خۆپارێزییەکان بن، چونکە عێراق لە رووی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا بە ”پێشهاتێکی مەترسیدار“دا تێدەپەڕێت.

وەزارەتی تەندروستی هۆشداریی داوە لەوەی ئەگەر هاووڵاتییان پابەندی رێکارە خۆپارێزییەکان نەبن و پێکوتەی کۆرۆنا وەرنەگرن، ئەوا سیستەمی تەندروستی دەکەوێتە بەر مەترسی، چونکە ئاستی تووشبوون بە پەتاکە لە توانای دەزگا تەندروستییەکان بۆ کۆنترۆڵکردن، تێپەڕیوە.

لە عێراق لە رۆژانی مانگی رەمەزان (لە سبەی چوارشەممە 14-4-2021ـەوە)، رۆژانی هەینی و شەممە قەدەغەی هاتوچۆی تەواوەتی راگەیەندراوە و رۆژانی ئاساییش (جگە لە هەینی و شەممە)، لە کاتژمێر 7ـی شەو تا 5ـی سەرلەبەیانی هاتوچۆ قەدەغەیە.