كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
حەمەسەعید حەسەن 12/04/2021

لە شیعرەوە تا ڕۆمان

داهێنان هەم چێژوەرگرتنە، هەم چێژبەخشین، ئاخر داهێنەریش وەک وەرگر، چێژ لە کارە هونەرییەکەی خۆی وەردەگرێت.
یەکێک لە ئەرکەکانی شیعر ئەوەیە، چارشێو لەسەر ڕووی جوانییە شاراوەکان هەڵبداتەوە.
شیعر دابڕانە لە ناشیرینییەکان و هاوسۆزییە لەگەڵ جوانییەکاندا.
شیعر نە هەڵچوونێکی کوتوپڕە، نە کاردانەوەیەکی ڕاستەخۆی ڕووداوێکە.
شیعر گەمەکردن نییە بە زمان، بەسەرکردنەوەی وردەکارییەکانی ژیانە بەهۆی زمانەوە.

ئایا شیعر ئەوە دەهێنێت، خۆمان بە دەست نووسینییەوە ماندوو بکەین؟ ئاخۆ شیعر لە تەنگانەدا بە هانامانەوە دێت؟ ئاخۆ شیعر دەتوانێت، سنوورێک بۆ ئەو ستەمە دابنێت کە چەوسێنەرێک لە چەوساوەیەکی دەکات؟ بۆدلێر کە شیعری فەرەنساییی نوێ کردەوە و بە کۆمەکی ئەزموونی ئەو، ڕامبۆ و مالارمێ گەشەیان کرد، کەچی لەسەر هەندێک لە شیعرەکانی، گوایە سنووری ئادابی گشتییان بەزاندووە، بە دادگا درا! ئۆدن گوتەنی: (شیعر هیچی پێ ناکرێت، هەقە یەکدیمان خۆش بوێت، ئیدی بشمرین کێشە نییە.) شیعر شاعیر لە مردن قوتار ناکات، بەڵام ناوی شاعیر بە زیندوویی لە یادگەماندا دەهێڵێتەوە.

شیعر نافرۆشرێت، بەدەگمەن خوێنەری هەیە و هیچ وەشانخانەیەک ناچێتە ژێر باری بڵاوکردنەوەی کۆمەڵەشیعرەوە، بۆیە شاعیر لە ناچارییەوە لەسەر ئەرکی خۆی چاپی دەکات و بە دیاری دەیبەخشێتەوە. هەرچەندە شیعر خواستی لەسەر نییە، کەچی ڕۆژانە چەندان شاعیری نوێ، بە کاروانی نووسینی شیعرەوە پێوەست دەبن! ساڵانێکە بازاڕی ڕۆمان و بیرەوەری گەرمە، بەڵام چونکە ئەو دوو ژانرە پێویستیان بە پشوودرێژی هەیە، شاعیرێک پەلەی بێت زوو خۆی نمایش بکات، توخنی ئەو دوو بوارە ناکەوێت، یان ڕەنگە هەر هیچی پێ نەبێت، کەڵکی گێڕانەوەی پێوە بێت، ئاخر هەم بیرەوەری و هەم ڕۆمانیش پشتیان بە گێڕانەوە قایمە.

شاعیر هەیە بەڵام دەگمەنە، هەر لە سەرەتاوە گەورە بەدیار دەکەوێت، شیعرێک پێشکەش دەکات، جیاواز لە شیعری باو. شاعیر هەیە بە کەشوهەوایەکی نوێی شیعری ئاشنامان دەکات، جاڕی دابڕان لە کەلەپووری شیعری دەدات و کە قاڵبە کۆنەکان بەجێ دەهێڵێت، لە قاڵبێکی نوێدا ئۆقرە ناگرێت. نە شاعیر کەسێکی پۆپۆلیستە، نە شیعر پردێکە بۆ گەییشتن بە ناوبانگ، لەڕێی بڵندکردنەوەی دروشمی درەوشاوەی جەماوەرییەوە. شیعر هەوا نییە، ئەگەر لێی دابڕێین، ژیانمان لە کیس بچێت، شیعر خۆی ژیانە. شیعر زمانیشە، بۆیە وەکوو زمان، بەردەوام خۆی نوێ دەکاتەوە. تەمومژ کاتێک دۆخێکی شیعرییە، زادەی چڕکردنەوەی زمان بێت.

شیعر هەیە بە چاوپۆشین لە مێژووی لەدایکبوون و لە شێوازی نووسینی، ئەوەندە باڵایە، لە هەموو سەردەمێکدا دەمانخاتە بن هەژموونی خۆیەوە. شیعریش هەیە لەنێوان کۆن و نوێدا، دێت و دەچێت و هەر دەڵێیت سەر بە دوو زەمەنی جیاوازە، نەوەی نوێیش وەک نەوەکانی پێشوو چێژی لێ وەردەگرێت. شیعر شوێنپێی هیچ شیعرێکی پێش خۆی هەڵناگرێت، ڕچە دەشکێنێت. دەشێت شاعیرێک دوای خوێندنەوەی کۆشیعرێکی جوان، ئەویش شیعرێکی جوان بنووسێت، بەبێ ئەوەی دەقئاوێزان لە ئارادا هەبێت، یان تەنانەت کاریگەریی کۆشیعرە جوانەکەی پێوە دیار بێت، تەواو وەک هەنگ، کە لەدوای مژینی شیلەی چەندان گوڵەوە، هەنگوین بەرهەم دەهێنێت.

کۆڵڕیج (١٧٧٢ – ١٨٣٤) دەڵێت: (بەهای شیعر بەوەوە بەندە، چەند ڕەخنەگرانە سەرنجی ژیان دەدات،) بەڵام شیعر ئەگەر خۆی لە ڕاستەوخۆیی نەپارێزێت، ناسنامەی خۆی لە دەست دەدات، ئاخر نووسین بەو زمانەی ڕاپۆرتی پێ دەنووسرێت، شیعر دەکوژێت. گەڕانەوە بۆ لای سروشت، بۆ نموونە وەک لە دیوانی (پەلکەگیا)ی (واڵت وایتمان)دا دەرکی پێ دەکرێت، هەم گەڕانەوەیە بۆ لای پاکژی و ئەستۆپاکی، هەم ناڕەزایی دەربڕینیشە، بەرانبەر ئەو ستەمەی ئەمریکایییەکان لە (هیندییە سوورەکانیان) دەکرد.
*
ئاجاسا کریستی (١٨٩٠ - ١٩٧٦) کە شاژنی عەرشی نووسینی ڕۆمانی پۆلیسی بوو، کە شەست و شەش ڕۆمان و شازدە شانۆنامە و پازدە کۆچیرۆکی بڵاو کردبووەوە، دەیگوت: لە بواری نووسیندا لە ئارەزوومەندێک بەولاوە هیچی دیکە نیم. نووسینی ڕۆمان گەمەی منداڵان نییە، ئاخر دەشێت نووسەر لەسەر ڕۆمانێکی بە کوشت بچێت، وەک (جۆرج مارکۆڤ)ی (١٩٢٩ - ١٩٧٨) نووسەری ڕۆمانی: حەقیقەتێکی کوشندە، کە لە بولگاریا دەست بەسەر ڕۆمانەکەیدا گیرا و هەڵات و لە لەندەن بڵاوی کردەوە، کەی جی بی بە نووکەچەترێکی ژاراوی کوشتی.

لە ڕوانگەی (باختین)ەوە، ڕۆمان تێکستێکی ناتەواوە، خوێنەر تەواوی دەکات. ڕۆمان لە سەرەتاوە، یەک حیکایەتخوانی هەبوو، دواتر ڕۆمانی فرە حیکایەتخوان داهات، هەر یەکەیان لە گۆشەنیگای خۆیەوە ڕووداوەکانی دەگێڕایەوە. ڕۆماننووس زیرەک نییە، بلیمەتە، بۆیە چاوەڕێی ئەوەی لێ دەکرێت، پێشبینییەکانیشی ڕاست بکەونەوە. هەر کە دۆستۆیڤسکی داوای دەستی ئاننا گریگۆریڤنا دەکات، هەرچەندە بێوەپیاو بووە، دوو تەمەنی ئەوی هەبووە و تا تووکی سەریشی قەرزدار بووە، ئاننا دەستبەجێ چرای سەوزی بۆ دادەگیرسێنێت، ئاخر ئەوەی لەبەر چاو بووە کە دەبێت بە هاوژینی گەورەترین ڕۆماننووسی دونیا. ئاننا لە بیرەوەرییەکانیدا دەنووسێت: دۆستۆیڤسکی نزیکەی هەمیشە خەمبار بووە، چونکە لە ئاستی هونەریی ڕۆمانەکەنی ڕازی نەبووە، ئاخر زۆربەیانی لەژێر باری گرانی قەرزدا نووسیبوو. ئەگەر باری داراییی باش بووایە، زۆر جوانتر و باڵاتریش لەوەی نووسیویەتی، دەینووسی.

دۆستۆیڤسکی ڕۆمانێکی هەیە، ناوی (قومارچی)یە، خۆیشی ساڵانێک ئالوودەی قومار بووە. یەکێکی دیکە لە کێشەکانی دۆستۆیڤسکی ئەوە بووە، نەخۆشیی (فێ)ی لەگەڵدا بووە، بەڵام ئاننا وەک خۆی دەڵێت: ئەوەندەی خۆش ویستووە، تا ڕادەی پەرستن، بۆیە گوێی بە جیاوازیی تەمەن، قەرزداری، ئالوودەبوون و ناساغیی مێردەکەی نەداوە و ئەو چواردە ساڵەی هاوژینییان، بە خۆشترین ساڵەکانی تەمەنی دەزانێت.

دۆستۆیڤسکی (١٨٢١ - ١٨٨١) کە دونیای سەرسام کرد، کە دوای تێپەڕبوونی سەد و چل ساڵ بەسەر مەرگیدا، هێشتا ڕۆماننووسێکی هێندەی خۆی مەزن پەیدا نەبووە، بە (دۆن کیخۆتە)ی سێرڤانتس (١٥٤٧ - ١٦١٦) سەرسام بوو. دۆستۆیڤسکی بە (بەلەنگازان) کە یەکەمین ڕۆمانی بوو، کە بە تەمەنی بیست و شەش ساڵی نووسیبووی، نیکۆڵای نیکراسۆڤ (١٨٢١ - ١٨٧٨) گەورەشاعیری ڕووس و ڤیساریۆن بێڵینسکی (١٨١١ - ١٨٤٨) ڕەخنەکاری مەزنی ڕووس سەرسام دەکات. (قالۆنچەپیاو) ناونیشانی ڕۆمانێکی دۆستویڤیسکییە، ١٨٦٤ بڵاو بووەتەوە، بە کاریگەریی ئەو ناونیشانە، کافکا ناوی (بەدگۆڕان) لە ڕۆمانێکی دەنێت و (جۆرج ئۆرێڵ)یش ڕۆمانێکی ناو دەنێت: کێڵگەی ئاژەڵان.

ئەوە ناکەوێتە خانەی ڕەخنەی ئەدەبییەوە، ڕۆمانێک بخوێنینەوە و کورتەکەیەکی لێ بگێڕینەوە. ڕەخنە هەرچەندە پێویستە، چونکە دەبێتە هەوێنی پێشکەوتنی ئەدەب، بەڵام ڕەخنەکار بە هۆیەوە تووشی سەرئێشە دەبێت، ئاخر ڕەخنەلێگیراوان ڕقی لێ هەڵدەگرن. ڕەخنە وەک چۆن کەمکردنەوە نییە لە بەهای دەقێک، پێداهەڵدانی بێ بناغەیش نییە. گوتنی حەقیقەت حەوجەی بە ئازایەتی هەیە، ئەگەر بوێریی ئەوە شک نەبەین، ئازادانە قسەی دڵمان بکەین، باشتر وایە توخنی ڕەخنە نەکەوین. ئەوە زادەی خۆ بە کەم زانینیە، ڕەخنەکاری بێگانە بە گەورە و هی خۆماڵی بە گچکە بزانین. ئەوە چاوەڕوانکراوە، پاسەوانانی باوەڕ و پارێزەرانی سنووری ئایدۆلۆجیا، بۆ تیری قۆشمەی ڕەخنەکار ببن بە نیشانە.