كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

ئێران: هێرشی تیرۆریستی كراوەتە سەر دامەزراوەی ئەتۆمیی نەتەنز

ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە حكوومەتی ئێران بە فەرمی ڕای گەیاند ئەم ڕووداوەی بەیانیی ئەمڕۆ لە دامەزراوەی ئەتۆمیی نەتەنز ڕووی دا، هێرشی تیرۆریستی بووە.

كەناڵی تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێران لە زاری عەلی ئەكبەر ساڵحی سەرۆكی ڕێكخراوی وزەی ئەتۆمی ئێرانی گواستەوە كە ڕووداوەكەی ئەمڕۆی دامەزراوەی ئەتۆمیی نەتەنز، هێرشی تیرۆریستی بووە.

ساڵحی ئەوەشی گوت كە ئەم رووداوە لێڵەی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ لە دامەزراوەی نەتەنز بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم تۆمار كرا، دەستی لە پشتەوە بووە.

گوتیشی ڕووداوەكە هێرشێكی قیزەون و تیرۆری ئەتۆمیی بوو، ئاماژەش بوو بۆ بێتوانایی بەرھەڵستكارانی پێشكەوتنی پیشەسازی و سیاسیی ئێران.

سەرۆكی ڕێكخراوی وزەی ئەتۆمی ئێرانی داوای لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی كرد كە رووبه‌ڕووی تیرۆری ئەتۆمی دژ بە ئێران بنه‌وه‌ و گوتی حكوومەتی وڵاتەكەی مافی وەڵامدانەوەی ئەنجامدەرانی رووداوی نەتەنز و هه‌موو ئه‌وانه‌ی هه‌یه‌ كه‌ ده‌ستیان له‌ پشت ئه‌و رووداوه‌وە هەبووە و پشتیوانییان كردووە.

لە كاتێكی زووتری ئەمڕۆدا بەھرۆز كەمالوەندی گوتەبێژ بە ناوی رێكخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران گوتبووی تۆڕی دابەشكردنی كارەبا لە دامەزراوەی نەتەنز دووچاری رووداوێك بووەتەوە، بەڵام ھیچ زیانێكی گیانی و تیشكدانه‌وه‌ی لێ نەكەوتووەتەوە.

دوێنێ شەممە حەسەن رۆحانی سەركۆماری ئێران ڕای گەیاندبوو كە گازی یۆرانیۆم "uf6"یان كردووەتە ناو ئامێرەكانی سەنتەرفیووج لە دامەزراوەی ئەتۆمیی نەتەنز، كە پێدەچێت ئەم هەواڵە بووبێتە هۆی كردنە ئامانجی دامەزراوەكە و ڕووداوەكەی ئەمڕۆ.

لە هاوینی ساڵی ڕابردووشدا دامەزراوەی ئەتۆمیی نەتەنز ڕووبەڕووی تەقینەوەیەكی گەورە بووەوە.

دامەزراوەی ئەتۆمیی نەتەنز كەوتووەتە بیابانێكی سەر بە پارێزگای ئەسفەهانی ناوەڕاستی ئێران، بە گرنگترین دامەزراوەی ئێران دادەندرێت لە ڕووی پیتاندنی یۆرانیۆمەوە و لەژێر چاودێریی بەردەوامی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەەی ئەتۆمی سەر بە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكاندایە.