بۆچی نایانەوێ پارتی لە كەركووك بێت؟
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
هەرمن ئەحمەد 11/04/2021

بۆچی نایانەوێ پارتی لە كەركووك بێت؟

به‌درێژای مێژووی شاری كه‌ركووك، ململانێكان له‌ناو هاوكێشه‌یه‌كدا ده‌سووڕێنه‌وه،‌ خاڵی ده‌ستپێك و كۆتاییه‌كه‌ی هه‌مان چه‌قه‌، ئه‌ویش ناسنامه‌ی خاكه‌كه‌یه‌تی، ئه‌وانه‌ی له‌سه‌ر ئه‌م خاكه‌ دێرینه‌ پێشتر ژیاون و ئێستاش نه‌وه‌كانیان له‌سه‌ری ده‌ژین، زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆریان یه‌كتریان ناسیوه، هەمیشە له‌ڕێگه‌ی پەرۆشییانەوە بۆ كوردستانیبوونی كەركووك، هەیبەت و ناو و ناوبانگێكی پڕسه‌روه‌ری و شانازییان بۆ خۆیان و شاره‌كه‌ دروست كردووه.‌

له‌دوای دەسپێكی یەكەمین شاڵاوی ته‌عریب و ڕاگواستنی كورد له‌و شارەدا،‌ له ناوەڕاستی سەدەی رابردووەوە و پێش ئەو مێژووەش، ئیدی هێدی هێدی كورد لەو شارە دوور خرایەوە و عەرەبی هاوردەی بۆ دەهێنرا، لێ سەختترین قۆناغی تەعریب و تەشەییوع، لە دوای خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆبەری ٢٠١٧ەوە تا ئێستاش بەردەوامە لە كەركووك و دەوروبەریدا، ئەمەی ئێستا لە كەركووك دەگوزەرێ لە ستەمكردن لە كوردانی كەركووك و تەعریبی چڕی شارەكە و دەوروبەری، بە ڕادەیەكە كە خەریكە هیچ مانایەك بۆ كولتووری پێكەوەژیان لەو شارەدا ناهێڵێت، لە كاتێكدا خەڵكی رەسەنی شارەكە ئەو كولتوورەیان زۆر لا پیرۆز بووە و هەمیشە پێگیری بوون.

ماوەیەك لەمەوبەر، چەند خۆپیشاندانێك لە دژی رادەستكردنەوەی بارەگاكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كەركووك ڕێك خرا، خۆپیشاندەرانیش هەرچەندە ژمارەیان زۆر نەبوو، لێ هەموویان لایەنگرانی حەشدی شەعبی بوون و زۆربەی هەرە زۆریشیان بە بنەچە نە خەڵكی كەركووك بوون و نە فڕیان بە كەركووكیبوونەوە هەبوو، خواستەكەشیان‌ ڕوون و ئاشکرابوو.

هەرچەندە بەرپرسانی باڵای پارتی، چەندین جار دووپاتیان كردووەتەوە پارتی كاتێ دەگەڕێتەوە كەركووك كە شكۆی كوردستانیانەی پارێزراو بێت و ئەو واقیعە سەپاوە نەمابێت، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە: بۆچی عەرەبی هاوردە و لایەنگرانی حەشدی شەعبی نایانه‌وێت گه‌وره‌ترین حزب له‌ كوردستان كە پارتیە، بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ كه‌ركووك، یان هیچ نەبێ بارەگاكانی وەربگرێتەوە كە بەپێی یاسا موڵكی پارتیین؟ هه‌ڵبه‌ته‌ له‌وه‌ تێگه‌یشتوون گه‌ڕانه‌وه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان، مانا و مەغزای زۆری هەیە بۆ كوردی كەركووك و ناسنامەی كوردستانیبوونی شارەكە و تەنانەت ئاوەدانكردنەوە و پاراستنی مافی هەموو پێكهاتەكان و تەناهیی كەركووكیش.

هەڵبه‌ته‌ ئاشكرایه‌ ئه‌و خۆپیشاندانە پڕ سیناریۆ و نماییشە‌ به‌ ویست و خواستی كێ به‌ڕێوه‌ ده‌چێت! چونكه له‌ دوای خیانەتی 16 ئۆكتۆبه‌رەوە به‌رژه‌وه‌ندییه تەسكەكانی ئه‌وانه‌ی ئه‌و شارەیان رادەستی حه‌شدی شەعبی كرد بەرامبەر داهاتی نەوتی دزراو، بۆ خۆیان باش دەڕوات بەڕێوە و ملیارات دۆلاری دزراوی كەركووكیان دەست كەوتووە، بەڵام بۆ خەڵكی كەركووك و شاری كەركووك و كوردستانیان، جگە لە كارەسات و ماڵوێرانی و مەینەتی و ئازار، هیچی تریان پێ نەبڕاوە.

ئێستا دەسەڵاتێكی ناشەرعی و پارێزگارێكی ناشەری خۆیان سەپاندووە بەسەر كەركووك و كەركووكیەكاندا، تەعریب لە ترۆپكدایە، كورد دەردەكرێ و خاكی زەوت دەكرێ و ماڵ و بازاڕ و دوكانی دەڕووخێنرێت، حه‌شدی شه‌عبی و پارێزگاری سەپێنراو و عەرەبی هاوردە و توركمانە شۆڤێنیەكان (نەك كەركووپەروەران و كوردستانپەروەرەكان) زۆر باش دەزانن، بە گەڕانەوەی پارتی، خۆسپینەرەكانی ئەمڕۆ ئەو خۆسەپاندن و زوڵم و ستەمەیان بۆ ناچێتە سەر.

گه‌ڕانه‌وه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ كەركووك، واتە گەڕانەوەی ئارامیی دەروونی نەك هەر بۆ كوردانی كەركووك، بەڵكوو بۆ تەواوی پێكهاتە رەسەنەكانی ئەو شارە، چونكە ئەو حزبە كوردستانیانەی ئێستا لەو شارەدان و تەنیا لە خانوویێكدا بێ پاسەوان و چەك و ئاڵا ماونەتەوە، شكۆی خۆیان و كورد و ناسنامەی شارەكەشیان پێ ناپارێزرێت، ئەوان ناتوانن تەنانەت ئاگرێك بۆ نەورۆز بكەنەوە، ئیدی ئاخۆ بوون و نەبوونیان چی بگەیەنێت؟!

خیانەتكارانی ١٦ی ئۆكتۆبەر ئازارێكی وەهای شاری كەركووكیان داوە، برینێكی وەهایان لە هەناوی كەركووكدا دروست كردووە كە سارێژبوونی ئاسان نیە، بەڵام مەحاڵیش نیە، هیواخوازم خەڵك له‌و راستیه‌ تێبەگەن، كە بۆچی بوونی بارەگای هەندێ حزبی كوردستانی لەنێو كەركووكدا بەلای حەشدی شەعبیەوە ئاساییە و بۆچی حەشد گەڕانەوەی پارتیی بۆ كەركووك پێ قبووڵ نیە!

چەی گیڤارا ده‌ڵێ: ”كه‌ی توانیت قه‌ناعه‌ت به ‌مێش بكه‌یت كه‌ گوڵ باشتره‌ له‌ پیسایی، ئه‌و كاته‌ش ده‌توانیت قه‌ناعه‌ت به‌ خیانه‌تكار بهێنیت كه‌ نیشتمان به‌نرختره‌ له‌ پاره“. دەستەوارە نهێنیییەكان و ناپاكییەكان دیارن، ئەوانەی ماوەیەك لەمەوبەر بانگەشەی بەهەرێمكردنی سلێمانی و رادەستكردنی ئەو شارەیان بە بەغدا دەكرد، هەر ئەوانە بوون كە لە ١٦ی ئۆكتۆبەری ٢٠١٧دا كەركووكیان فرۆشت.

ئیدی كاتی ئه‌وه‌ هاتووه، وەگ گیڤارا دەڵێ: هەوڵ بدەین تێیان بگەیەنین كە نیشتمان گرنگترە لە پارە! ئیدی كاتی ئەوەیە ژینگەی كوردستانیانە و پێكەوەژیانانە ‌و جوگرافیا و ناسنامەی راستەقینە و رەسەنی كه‌ركووك خەمی لێ بخورێت و ئەو شارە زیاتر ئازار نەدرێت. هه‌ڵبژاردن نزیكه‌، دەبێ خەمی هەموو حزبە كوردستانیەكان، پێش هەر شت، كەركووك و ناوچە داگیركراوەكانی تر بێت، تەنانەت ئەو گرووپەی ناپاكییشیان كرد، با بیرێك لە سپیكردنەوەی مێژووی رەشی خۆیان بكەنەوە و هەموان بە یەك هێز و یەك دەنگ و یەك لیست، لە كەركووك بن.