كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

وەزارەتى پەروەردە: لیژنەیەکی تایبەمەتمەند بڕیار لە کەمکردنەوەی پڕۆگرامى خوێندنى پۆلى 12 دەدات

بەرپرسێکى وەزارەتى پەروەردەى هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات کە لیژنەیەکى باڵاى تایبەتمەندیان پێکهێناوە بۆ بڕیاردان لە کەمکردنەوەى پڕۆگرامى خوێندنى پۆلى 12ى ئامادەیی، چونکە بەهۆى کۆرۆناوە قوتابیان کاتێکى زۆریان لێ بەفیڕۆ رۆیشتووە.

د.سەیوان عەلى، بریکارى وەزارەتى پەروەردەى حکوومەتى هەرێمى کوردستان بە(باسنیوز)ى راگەیاند: "بەهۆى بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆناوە قوتابیان کاتێکى زۆریان لێ بەفیڕۆ رۆیشتووە، بۆیە لە زۆرینەى پارێزگاکان پڕۆگرامى خوێندنى پۆلى 12ى ئامادەیی بەشێکى کەمى لێ خوێندراوە، ئەمەش گرفت بۆ قوتابیان دروست دەکات چونکە قوتابیانى ئەو قۆناغە تاقیکردنەوەکانیان بە سیستەمى بەکالۆرییە و هەموو وانەکان بە تەواوى داخڵن بۆ تاقیکردنەوەکانى کۆتایی ساڵ".

راشیگەیاند: "بەهۆى بایکۆتکردنى دەوامەوە شێوازى خوێندنى وانەکان لە پارێزگایەک بۆ یەکێکى دیکە جیاوازە، بۆ نموونە لە پارێزگاى هەولێر و دهۆک بەشێکى باشى پڕۆگرام خوێندراوە، بەڵام لە پارێزگاکانى سلێمانى و هەڵەبجە بەهۆى بایکۆتى دەوامەوە بەشێکى کەمى پڕۆگرامى خوێندن تەواو کراوە".

ئەوەشى خستەڕوو: "بۆ کەمکردنەوەى پڕۆگرامى خوێندن ئێمە لیژنەیەکمان پێکهێناوە لە بەڕێوەبەرە گشتییەکانى پەروەردەى پارێزگاکان و ئیدارەى گەرمیان و بەڕێوەبەرایەتى گشتیى پڕۆگرام لە دیوانى وەزارەت، لیژنەى باڵاى تاقیکردنەوەکان و بەرێوەبەرایەتى گشتیى ئەزموونەکان، لێکۆڵینەوە لە دۆخى خوێندن دەکرێت و بەراورد و بەدواداچوونى بابەتیانە دەکرێت، ئەو کات بڕیار لە کەمکردنەوەى پڕۆگرامى پۆلى 12ى ئامادەیی بدرێ".