دەستەی ژینگە: ئەمساڵیش هاووڵاتیان لە گەشت و سەیرانەکانیان زیانی زۆریان بە ژینگەی کوردستان گەیاندووە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

دەستەی ژینگە: ئەمساڵیش هاووڵاتیان لە گەشت و سەیرانەکانیان زیانی زۆریان بە ژینگەی کوردستان گەیاندووە

گوتەبێژی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە رایدەگەیەنێت کە هەرچەندە ئەمساڵ پلانی تۆکمەیان بۆ پاراستنی ژینگە و هەڵمەتی هۆشیاریی ژینگەیی داناوە و جێبەجێیان کردووە بەڵام بە هەمان شێوەی ساڵای رابردوو هاووڵاتیان لە گەشت و سەیرانەکانیان زیانی زۆریان بە ژینگەی کوردستان گەیاندووە.

ئەحمەد محەمەد، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "ئێمە لە یەکەم رۆژی وەرزی بەھارەوە پلانێکی ژینگەییمان دانا بۆ پاراستنی ژینگە و ناوچە گەشتیارییەکانی کوردستان و بە ھاوکاری وەزارەتی ناوخۆ و تەندروستی و گەشتوگوزار لەلایەن تیمەکانمانەوە چاودێری ئەو شوێنانە دەکرا و ئەرکێکی زۆرمان لەسەر شان بوو، بەڵام بەداخەوە ئەو کارەی ئەمساڵ لەلایەن گەشتیارانەوە بەرامبەر ژینگە کرا کارەساتێکی گەورەی ژینگەیی بوو زیانی بە ھەرسێ سێکتەرەکەی ژینگە:- ئاو، ھەوا و خاک گەیاند".

راشیگەیاند: "ئاژەڵان و زیندەوەرانیش بە بەشێک لە ژینگە دادەنرێن زیانێکی زۆریان بەرکەوت بەتایبەت گوندنشینان و لەو ناوچانەی کوردستان کە مەڕوماڵات هەن کاتێک ئاژەڵەکان دەلەوەڕێنن لەسەر رێگەی خۆیان ئەو پلاستیک و پاشماوانە دەخۆن کە لەلایەن مرۆڤەوە فڕیدراون، بۆیە ئاژەڵەکان تووشی نەخۆشی دەبن و خاوەنەکانیان ناچارن سەریان ببڕن، بەمەش تووشی زیانێکی گەورە دەبنەوە، جگە لەوەش ئەو ماددە پلاستیکانە زیانیان بە زەوی و ئاو و خاکیش گەیاندووە".


گوتەبێژی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە گوتیشی: "ئەوەی کە ھاووڵاتیان بەرامبەر بە ژینگە دەیکەن لە کۆتاییدا زیانی گەورەی دەبێت بۆ تەندروستیی خۆیان بەتایبەت ئەو ئاژەڵانە کاتێک گۆشتەکەیان دەبرێتە بازار و مرۆڤ دەیخوات تووشی زیانی گەورەی تەندروستی دەبێتەوە، بۆیە داوا لە ھاووڵاتیان دەکەین سروشت و ژینگەی کوردستان بپارێزن و پاشماوەکانیان لەدوای خۆیان بەجێنەھێڵن، بەو شێوەیەش دەتوانن پارێزگاری لە تەندروستی خۆشیان بکەن".