بەهۆى کۆرۆناوە وەزارەتى پێشمەرگە سەرجەم مەشق و راهێنانەکانى راگرتەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

بەهۆى کۆرۆناوە وەزارەتى پێشمەرگە سەرجەم مەشق و راهێنانەکانى راگرتەوە

بەرپرسێکى وەزارەتى پێشمەرگە رایگەیاند بەهۆى بەرزبوونەوەى ژمارەى توشبووانی کۆڕۆنا سەرجەم مەشق و راهێنانەکان لە بنکەکانى مەشقى سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە بۆ ماوەى دوو هەفتە راگیرانەوە.

لیوا قارەمان شێخ کەمال، جێگرى سوپاسالاری وەزارەتى پێشمەرگە بۆ کاروبارى مەشق و ئۆپەراسیۆن بە (باسنیوز)ى راگەیاند: "وەزارەتى پێشمەرگە ساڵانە بەپێى خشتەیەکى دیاریکراو مەشق و راهێنانەکانى ئەنجام دەدات، هەرچەندە ئەمساڵیش بەپێى خشتەکە دەستمان کردووە بە پڕۆسەى مەشق پێکردنى هێزەکانمان، تا ئێستاش ژمارەیەک بەتالیۆن مەشقەکانیان تەواو کردووە، بەڵام بەهۆى بەرزبوونەوەى ژمارەى توشبووان بە ڤایرۆسى کۆڕۆنا، سەرجەم مەشق و راهێنانەکان لە بنکەکانى مەشقى سەر بە وەزارەت بۆ ماوەى دوو هەفتە راگیرانەوە".

راشیگەیاند: "دواى ئەو ماوەیەى کە دیاریکراوە هەڵسەنگاندن بۆ دۆخەکە دەکەین، ئەگەر دۆخەکە بەرەوباشى بچێت دەست بە مەشقەکانمان دەکەینەوە، ئەگەر بارودۆخەکەش هەر بەم شێوەیە بوو یان بەرە و خراپتر بوو، ئەوا راگرتنى مەشق درێژ دەبێتەوە".

ئاماژەى بە ئەوەش کرد: "ساڵانە لە هەموو بارودۆخێکدا و تەنانەت لە مانگى رەمەزانیشدا پڕۆسەى مەشق و راهێنان بەردەوام بوو، بەڵام ئەمساڵ دۆخەکە جیایە بەهۆى تەشەنەکردنى کۆڕۆنا نەتواندرا درێژە بە پڕۆسەکە بدرێ، چونکە پاراستنى گیانى پێشمەرگە لە پێشەوەى هەموو شتێکە".