پارێزگاری هەولێر لە بارەی شەوی یەکەمی بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ ئاشکرایکرد کە لەسەرەتای جێبەجێکردنى بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆدا خەڵک بەڕێژەیەکى باش پابەندن.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "لەسەرەتاى جێبەجێکردنى بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆدا خەڵک بەڕێژەیەکى باش پابەندن، ئەگەر ئەمشەو رێوشوێنەکان زۆر توند نەبن ئەوە لە رۆژانى داهاتوو ئەوانە سزا دەدرێن کە سەرپێچى دەکەن و هێزەکانیش کاری خۆیان دەکەن".
گوتیشى: "خەڵکی هەولێر پابەندە، هاتوچۆى ئۆتۆمبێل کەمە، بەڵام دوکان و بازاڕەکان سەرجەمیان داخراون، لەچەند رۆژى داهاتوودا ئەنجامى ئەو پابەندبوونەى خەڵک دەبینین کەچاوەڕوان دەکرێت ببێتە هۆى نزمبوونەوەى ئامارەکانى تایبەت بە کۆرۆنا".
هەروەها پارێزگاری هەولێر، جەختی لەوەش کردەوە: "ئەگەر خەڵک پابەند نەبێت دۆخەکە بەرەو خراپى دەڕوات".
بەپێی بڕیارى وەزارەتى ناوخۆ، قەدەغەى هاتوچۆى سنوردار لەنێوان کاتژمێر 8ی شەو بۆ 6ی بەیانى، چووە وارى جێبەجێکردنەوە.