قادر قاچاخ: پەکەکە بە پشتیوانیی حەشد لە شنگالدا ماوەتەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

قادر قاچاخ: پەکەکە بە پشتیوانیی حەشد لە شنگالدا ماوەتەوە

 

سەرەڕای تەواوبوونی مۆڵەتی پەکەکە، کە لە چوارچێوەی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەلایەن سوپای عێراقەوە بۆی دیاری کرابوو، بەڵام تاوەکو ئێستا چەکدارەکانی پەکەکە لە شنگالدا ماون و گوێ بە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە نادەن.

قادر قاچاخ، بەرپرسی لقی شنگالی پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ (باسنیوز) ڕای گەیاند، پەکەکە بە پشتیوانیی حەشدی شەعبی لە شنگال ماوەتەوە و تاوەکو پشتیوانیشی لێ بکات، شنگال چۆل ناکات، گوتی: “پێویستە لە چوارچێوەی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا بۆ پرسی شنگال، هەموو ئەو هێزانەی پەکەکە و حەشدی شەعبی و هێزە گرێدراوەکانیان بچنە دەرەوە، بەڵام ئەو هێزە میلیشیایانە ئامادە نین پابەندی رێککەوتن بن و ئەگەر حەشد پشتیوانیی پەکەکەی نەکردایە، ئەوا سوپای عێراق دەیتوانی لە شنگال کۆتایی بە پەکەکە بهێنێت و خەڵکی قەزاکە، کە زیاتر لە 80٪ی ئاوارەی هەرێمی کوردستانن، بگەڕێنەوە و ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدا جێبەجێ بکرایە”.

قادر قاچاخ، جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە، تاوەکو حەشد لە شنگال هەبێت، دەرفەتی مانەوە بۆ پەکەکەش لەو قەزایەدا هەیە، گوتی: “پەکەکە بەکرێگیراوی حەشدە و لەبەرامبەر بەو کارانەی پێیان دەکرێت، مووچە و چەکیان پێ دەدرێ، ئەوانیش بۆ دژایەتیی هەرێمی کوردستان بەکاریان دێنن”.

رۆژی 09-10-2020، شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، لە بەغدا لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال کۆ بوونەوە و لەسەر چەند خاڵێک ڕێک کەوتن، لەوانە، هەڵبژاردنی قائیمقامێکی نوێ و دامەزراندنی 2500 کەس لە خەڵکی شنگال و ئاوارەکانی و دروستکردنی هێزێکی نوێ، هەروەها حکوومەتی فیدراڵی ئیدارەی پرسی ئەمنیی شارەکە بکات.

خاڵی جەوهەریی رێککەوتنەکەش بریتی بوو لەوەی، کە کۆتایی بە پەکەکە و هەموو ئەو گرووپانەی پەیوەندییان پێیەوە هەیە بهێنرێت و نابێ هیچ کەسێکی سەر بە پەکەکە لەو هێزە ئەمنییە نوێیەدا دابمەزرێت، دواتریش هەولێر و بەغدا بۆ ئاوەدانکردنەوە و ئیدارەدانی شنگال هەماهەنگی بکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا پەکەکە و حەشدی شەعبی ڕێگرن لە جێبەجێکردنی خاڵەکانی رێککەوتنەکە و ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی ئاوارەکانی شنگال نەگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و شارەکەش بەبێ خزمەتگوزاری بمێنێتەوە.