موقتەدا سەدر هەڕەشەی سەربازی لە هێزەكانی هاوپەیمانان دەكات
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

موقتەدا سەدر هەڕەشەی سەربازی لە هێزەكانی هاوپەیمانان دەكات

ئەمڕۆ پێنجشەممە موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدر و هاوپەیمانیی (سائیرون)ی گەورە فراكسیۆنی پەرلەمانی عێراق، هەڕەشەی سەربازی لە هێزەكانی هاوپەیمانان كرد ئەگەر ڕێككەوتننامەی ستراتیژی لەگەڵ وڵاتەكەیدا پێشێل بكەن.

سەدر لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (تویتەر) نووسینێكی بڵاو كردووەتەوە، تیایدا هەشت خاڵی خستووەتەڕوو، كە بە زۆری مەرج و فەرمانە بۆ سەر حكوومەتی فیدراڵیی عێراق، لە خاڵێكیشدا هەڕەشەی سەربازی لە هێزە بیانییەكانی سەر خاكی عێراق دەكات.

سەدر لە نووسینەكەیدا پێشوازی لە هەنگاو و هەوڵەكانی حكوومەتی وڵاتەكەی كردووە بۆ كۆتاییهێنان بە مانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق، ئاماژەشی بەوە داوە كە ئەو هێزە بیانییانەی لە عێراق دەمێننەوە بۆ مەبەستی ڕاهێنانی سەربازانی عێراق، پێویستە بە هیچ شێوەیەك دەستێوەردان لە كاروباری ناوخۆی عێراقدا نەكەن.

هەروەها دەڵێ ئەو هێزانەی ئێستا لە عێراق دەمێننەوە، پێویستە لە ماوەیەكی كورتدا عێراق چۆڵ بكەن، ناشبێت ئەم هێزە بیانیییانە، عێراق بكەنە خاڵی هێرشكردنە سەر وڵاتانی تر، بە تایبەتیش وڵاتانی دراوسێ.

موقتەدا سەدر دووپاتی كردووەتەوە ئەو هێزانەی دەمێننەوە، نابێ بە ناونیشانی هێزی داگیركەر بمێننەوە، ناشبێت هێزەكان بە شێوەی سەربازی بمێننەوە، بەڵكو دەبێ تەنها بۆ ڕاهێنان بن.

ڕێبەری سەدرییەكان ڕای گەیاندووە كە ئاسمانی عێراق وەكو خاكی عێراقە، نابێت هێزە بیانییەكان بە هیچ شێوەیەك بەكاری بێنن. ناشبێت قەبارەی نوێنەرایەتیی دیبلۆماسی وڵاتان هێندە گەورە بێت، ببێتە هۆی دروستكردنی نیگەرانی، ئەگەر واش بكەن، دەبێ عێراقیش بە هەمان شێوە نوێنەرایەتیی دیبلۆماسی لە وڵاتەكەدا هەبێت.

موقتەدا سەدر لە كۆتاییدا ئەوەی ڕاگەیاندووە "ئەگەر هاوپەیمانان پابەندی مەرجەكانی عێراق بوون، ئەوا پێویستە هێزە بەرگریكارە نیشتمانییەكانی عێراق چالاكییە سەربازییەكانیان بە هەموو شێوەیەك ڕابگرن، حكوومەتیش سزای ئەوانە بدات كە لەناوەوە یان دەرەوە پێشێلكاری دەكەن، ئەگەر هێزە بیانییەكانیش ڕێككەوتنیان پێشێل كرد، ئەوا دوور نییە فەرمان دەربكەین بۆ كاری سەربازی لە دژیاندا".