كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

دەستەی ده‌سپاکی: 50 هەزار کۆمپانیای وەهمی لە عێراق هەیه

"چەندین کۆمپانیای وەهمی هەیە، کاریان گەندەڵی و شوشتنەوەی پارەیە".

دەستەی ده‌ستپاکی عێراق، ئاشكرای کردووە کە 50 هەزار کۆمپانیای وەهمی لە عێراق بوونی هەیه.

ئه‌مڕۆ پێنجشەممە 8/4/2021، دەستەی ده‌سپاکی عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا، کە وێنەیەکیشی بۆ (باسنیوز) نێردراوە و ئاشکرای کردووە، کە 50 هەزار کۆمپانیای وەهمی لە عێراق هەیه.

لە راگەیاندراوەکەدا ئەوەش هاتووە: "تیمەکانی دەستەی دەسپاکی دوای لێکۆڵینەوە له تۆمارەکانی وەزارەتی بازرگانی، بۆیان دەرکەوتووە 50 هەزار کۆمپانیای وەهمی بوونی هەیە".

ئەوەش خراوەتە روو، لە تۆمارکردنی کۆمپانیاکان لە وەزارەتی بازرگانیدا کاری نایاسایی زۆر کراوە و دوو یاسای تایبەت بەو بوارە سەرپێچی تێداکراوە.

دەستەی ده‌سپاکی عێراق ڕوونیشی کردۆتەوە، ئەوان بەدواداچوون بۆ لێدوانی پەرلەمانتارێک دەکەن کە ڕایگەیاندووە: "چەندین کۆمپانیای وەهمی هەیە تەنها کاریان گەندەڵی و شوشتنەوەی پارەیە".

لەمبارەیەوە هه‌ندرێن دۆسکی، ئەندامی لیژنەی دەسپاکی لە پەرلەمانی عێراق بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "ئەوەی دەستەی دەسپاکی ئاشکرای کردووە مەترسیداره، چونکە ئەو هەموو کۆمپانیا وەهمییە لە عێراقدا چۆن ڕێگەیان پێدراوە کاربکەن".

ئەندامەکەی لیژنەی دەسپاکی لە پەرلەمانی عێراق گوتیشی: "ئەو کۆمپانیا وەهمیانە مەترسیان بۆ سەر ئاسایش و دارایی عێراق دەبێ".