جەنەراڵێكی بەریتانی: لە ماوەی دوو ساڵدا داعشێكی نوێ لە عێراق و سووریا سەرهەڵدەدات
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

جەنەراڵێكی بەریتانی: لە ماوەی دوو ساڵدا داعشێكی نوێ لە عێراق و سووریا سەرهەڵدەدات

جەنەراڵێكی بەریتانی لە هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی شەڕی دژی داعش ڕای گەیاند پاشماوەكانی چەكدارانی داعش لە كەمپە سەربازییەكاندا دەبنە تۆوی داعشێكی نوێ و لە سووریا و عێراق جارێكی تر سەرهەڵدەدەنەوە.

جەنەراڵ كیڤین كۆبسی یاریدەری فەرماندەی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق لە لێدوانێكدا بۆ ڕۆژنامەی (ناشیۆناڵ)، ئاماژەی بە پێویستی دادگاییكردنی پاشماوەكانی داعش داوە و گوتوویەتی پێویستە بە زوویی دۆسیەكانی ئەم پاشماوانەی داعش لە ڕێگەی دادگاوە یەكلا بكرێتەوە، دەنا دەبنە تۆوی شێوەیەكی نوێی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش و لە سووریا و عێراق سەرهەڵدەدەنەوە.

كۆبسی وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانیی شەڕی داعش هان دەدات كێشەی ئەو حەفت هەزار داعشە دەستبەسەركراوانەی كەمپە سەربازییە كاتییەكان یەكلا بكەنەوە، دەنا لە ماوەی دوو ساڵدا دەبنە هەڕەشەیەكی نوێ و لە شێوەی ڕێكخراوێكی تیرۆریستیی دیكە دەردەكەونەوە.

جەنەراڵە بەریتانییەكە ئاماژەی بە كەمپی هۆل داوە لەسەر سنووری سووریا و عێراق، كە ٦٠ هەزار پەنابەری لەخۆ گرتووە، سەرباری حەفت هەزار چەكداری دەستبەسەركراوی داعش، كە لەناویاندا تیرۆریستیی بیانییش هەن.

هەروەها دەڵێ ئەم تیرۆریستە دەستبەسەركراوانە و پەنابەرەكانی كەمپەكەش لە دۆخێكی خراپدا دەژین، ئەمەش بیری توندڕەوییان ئاو دەدات و ئاسانكارییش دەكات بۆ بانگەشە و بڵاوكردنەوەی بیری تیرۆریستی.

ئەم جەنەراڵە بەریتانییە دووپاتی كردووەتەوە ئەگەر ئەم دۆخەی كەمپی هۆل چارەسەر نەكرێ، ئەوا بە داخەوە لە ماوەی چەند ساڵێكی تردا هاوپەیمانان ناچار دەبن جارێكی تر ڕوو لە ناوچەكە بكەنەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕێكخراوی تیرۆریستی لە شێوەیەكی نوێ.

فەرماندە سەربازییەكەی هاوپەیمانان ئەوەشی نەشاردووەتەوە كە ئێستا دۆخێكی لەبار هەیە بۆ ئەوەی داعشە دەستبەسەركراوەكانی كەمپی هۆل هەوڵی ڕاكردنی بەكۆمەڵ بدەن، سەرباری ئەوەی زانیاریشیان هەیە كە لە ماوەی مانگی ڕابردوودا حەفت دەستبەسەركراوی داعش ڕایانكردووە.