هەفتەی داهاتوو سێ جۆرە پێكوتەی كۆرۆنا لە سەرجەم بنكە تەندروستییەكانی عێراق بەردەست دەبن
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

هەفتەی داهاتوو سێ جۆرە پێكوتەی كۆرۆنا لە سەرجەم بنكە تەندروستییەكانی عێراق بەردەست دەبن

وەزیری تەندروستی: عێراق تاكە وڵاتە هاووڵاتییانی ناچن بۆ وەرگرتنی پێكوتەی كۆرۆنا

ئەمڕۆ پێنجشەممە وەزیری تەندروستی و ژینگەی عێراق ئاشكرای كرد بەپێی ئەو ئامادەكارییانەی تەواویان كردووە، هەفتەی داهاتوو لە سەرجەم بنكە تەندروستییەكانی عێراق سێ جۆرە پێكوتەی دژە پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا بەردەست دەبن بۆ هاووڵاتییان.

حەسەن تەمیمی وەزیری تەندروستی و ژینگەی عێراق لە لێدوانێكیدا بۆ میدیاكانی وڵاتەكەی ڕای گەیاندووە كە ڕەنگە عێراق تاكە وڵاتی جیهان بێت، پێكوتەی دژە پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا لە بنكە تەندروستییەكانیدا بەردەست بێت، كەچی هاووڵاتییان نەچن بۆ وەرگرتنی.

تەمیمی ئەوەشی گوتووە كە ئەگەری هەیە لە مانگی ڕەمەزاندا قەدەغەی گشتیی هاتوچۆ رابگەیەندرێت، چونكە پەتای كۆرۆنا زۆر بە خێرایی و مەترسیدار بڵاو دەبێتەوە.

دەشڵێ تەواوی ئەو تووشبووە نوێیانەی كۆرۆنا كە تۆمار دەكرێن، لە جۆری كۆرۆنا نوێیە بەریتانییەكەیە، بۆیە منداڵ و گەنجانیش تووشی دەبن و مەترسی بۆ سەر هەموو تەمەنەكان هەیە.

وەزیری تەندروستی و ژینگەی عێراق هەروەها ئاماژە بەوە دەكات كە عێراق لەگەڵ سێ كۆمپانیای جیهانیدا گرێبەستی كردووە بۆ كڕینی ٢١ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار پێكوتەی دژە پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا، ئەوانیش بریتیین لە پێكوتەی ڤایزەر، ئەسترازینیكا و سینۆفارم. بە هەروەها گوتی بۆ كڕینی ژمارەیەی تری پێكوتە، گرێبەستیان لەگەڵ چەند كۆمپانیایەكی تریشدا كردووە.

جێی باسە ئەمڕۆ پێنجشەممە وەزارەتی تەندروستیی عێراق تۆماركردنی حەفت هەزار و ٨١٧ تووشبووی نوێی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنای راگەیاند لە ماوەی ٢٤ كاتژمێری رابردوودا، لەگەڵ گیان لەدەستدانی ٣٤ تووشبووی پەتاكە.