كوردستان پێویستی بە فۆرمی مورسی و غەنووشی نییە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

كوردستان پێویستی بە فۆرمی مورسی و غەنووشی نییە

ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان لەسەر لیستی یەكێك لە لایەنە ئیسلامیەكان دەڵێت: "ئەم بارودۆخە مەنگ و چەقبەستووە پێویستى بە گۆڕانکارى و شڵەقانێک هەیە، نابێ چیتر فۆڕمى حکومڕانى لەنێوان دوو حزب بێت، پێویستە لایەنەکانى دەرەوەى یەکێتى و پارتى لەدەوری یەک کۆ ببنەوە، ئەمە دەبێتە هیوا و ئومێدێکی بۆ خەڵک و قازانجى خەڵک و حزبەکانیشی تێدایە".  

 

1- ئەو ئەندامەی پەرلەمانی كوردستان بیری چووەتەوە ئەو شڵەقاندنەی كە ئێستا داوای دەكات لە ساڵی 2011 و وەك لاساییكردنەوەیەكی كوێرانەی تونس و میسر ھەندێك حزبی دەرەوەی پارتی و یەكێتی كە حزبەكەی ئەویشی تیابوو لەدەوری یەكتر كۆ بوونەوە و بۆ ماوەی 63 ڕۆژ لەبەردەركی سەرای سلێمانی ھەر ھەینیەك لە میسر چی بكرایە ئەوانیش دەیانكرد، بەڵام ئەنجامەكەی ئەوە بوو كە ھەموو ئەو حزبانە دواتر ھاتنە ناو ھەمان ئەو كابینەی حكوومەتەی كە ئەوان داوای ژێرەوژووركردنیان دەكرد. 

 

2- پێدەچێت ئەو ئەندامەی پەرلەمانی كوردستان ھێشتا نەزانێت كە ئێستا چەند حزب بەشدارن لە حكوومەتدا، چونكە ئەگەر ئەمەی بزانیایە، نەیدەگوت حكومڕانی لەنێوان دوو حزب چونكە خۆ ئەم كابینەیەی ئێستا ھەر بەتەنیا لە پارتی و یەكێتی پێكنەھاتووە، بەڵكوو جگە لە پێكھاتەكان گۆڕان و حزبی سۆسیالیستیشی تیایە، واتە فۆرمەكە ھی دوو حزب زیاترە ئەم كابینەی حكوومەتە تەنیا لایەنە ئیسلامیەكانی تیا نیە و ئەمەش نەك ھەر ئاساییە بەڵكوو لای من ئەمە یەكێكە لە خاڵە بەھێزەكانی ئەم كابینەی حكوومەتە نەك خاڵی لاواز. 

 

3- ئەو شێوازی حوكمكردنەی بەدیلی پارتی و یەكێتی كە ئەو ئەندام پەرلەمانە و ھاوئاواز و شەریكە ئایدۆلۆژیەكانیان لە كوردستان بە شوێنیەوەن، شێوازی حوكمی محەمەد مورسیی میسر و ڕاشد ئەلغەنووشیی تونسە، یەكەمیان ھەر كە بوو بە سەرۆكی میسر ویستی ھەموو داوودەزگاكانی دەوڵەت و ھەموو كۆمەڵگەی میسر بە ئایدۆلۆژیا و سیاسەتەكانی ئیخوان موسلیمین دابپۆشێ و ئەگەر عەبدولفەتاح سیسی و ھێز و خەڵك و حزبە عەلمانی و مەدەنیەكانی میسر نەبوونایە، ئێستا میسر بووبوو بە سەرچاوەی جەھل و گۆمی خوێن.

لە تونسیش جگە لەوەی كە ڕاشد ئەلغەنووشی و حزبەكەی لە ئەنجامی گەندەڵی و دژایەتیكردنی خەڵكی ئازادیخواز، ڕۆژ لەدوای ڕۆژ و ھەڵبژاردن دوای ھەڵبژاردن خەڵك لێیان دەتەكنەوە، ھەفتەیەك پێش ئێستاش بوو كە ڕۆژنامەی (الانوار)ی تونس لە ڕاپۆرتێكی تەحقیقیی خۆیدا سامانی ڕاشد ئەلغەنووشیی سەرۆكی ئیخوانەكانی تونسی خستە ڕوو كە بریتیە لە یەك ملیار دۆلار و ئێستا ھەر یەك لە مەعاز و سوھێلی كوڕی و رەفیق عەبدولسەلامی زاوای خۆی، ئەم پارەیەی لە كار و كەسابەتی حەڵاڵدا! و لە ئەورووپا بۆ ھەڵدەسووڕێنن. 

بەشێك لەم كەسابەتە حەڵالەش ناردنی 20 كاروان چەك بووە بە قاچاخ بۆ لیبیا و لەم كەسابەتەیاندا 30 ملیۆن دۆلار قازانجی كردووە و كەسابەتێكی تری حەڵاڵیشی بازرگانیكردن بووە بە پاسپۆرتەوە و لەم كاسبیەشدا 220 ملیۆن دۆلار قازانجی كردووە. سەرچاوەی ئەم زانیاریانەی ئەو ڕۆژنامە تونسیەش ئەو زانیاریانە بووە كە قەتەر بۆ حكوومەتی میسری دزە پێكردووە.

ئێ باشە كێ ھەیە ئەمڕۆ بە ڕادەی قەتەر ئیخوان بناسێت؟ ئینجا ئایا ئەم ئەندام پەرلەمانە ئیخوانەی لای خۆمان داوای ئەوە دەكات كە شێوازی حوكمی ئێستای ھەرێم بگۆڕن بە شێوازی حوكمی مورسیی میسر و غەنووشیی تونس؟ بڕوا ناكەم كوردستان پێویستی بەم دوو نموونە جوانەی حوكمی ئیخوان بێت، واتە میسری مورسی و تونسی غەنووشی.