ئیڤێنتێک لە یادی بڕیاری 688 بە بەشداریی مەسرور بارزانی دەستی پێکرد
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

ئیڤێنتێک لە یادی بڕیاری 688 بە بەشداریی مەسرور بارزانی دەستی پێکرد

ئەمڕۆ پێنجشەممە 2021/4/8 بە بەشداریی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە یادی ٣٠ ساڵەی دەرکردنی بڕیاری 688ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، ئیڤێنتێک بە شێوەی ڤیدیۆ کۆنفرانس دەستی پێکرد.

 کاتژمێر 12:30 خولەکی نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە بە کاتی هەولێر ئیڤێنتێک لەڕێگای ڤیدیۆ کۆنفرانس و بە بەشداریی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەستی پێکرد.

ئیڤێنتەکە تایبەتە بە یادی 30 ساڵەی دەرکردنی بڕیاری 688ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و راگەیاندنی ناوچەی دژەفڕین لە هەرێمی کوردستان.

جگە لە مەسرور بارزانی، بەرپرسانی ئێستا و پێشووی حکوومەتی بەریتانیا و گرووپی کوردستان لە پەرلەمانی بەریتانیا، بەشداریی ئیڤێنتەکە دەکەن.

لە ئیڤێنتەکەدا، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتارێکی ڤیدیۆیی لەبارەی گرنگیی بڕیاری 688 پێشکەش دەکات و دوای ئەویش جۆن مێجەر، سەرۆک وەزیرانی پێشووتری بەریتانیا و دۆستێکی نزیکی گەلی کوردستان، گوتارێک پێشکەش دەکات.

بەپێی زانیارییەکان، چەند بەرپرس و کەسایەتییەکی دیکەش بەشداریی ئیڤێنتەکە دەکەن، کە بریتین لە؛

- سه‌فین دزه‌یی، به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

- نه‌دیم زه‌هاوی، وه‌زیری چاودێریكردنی دۆخی كۆرۆنا له‌ به‌ریتانیا، كه‌ به‌ره‌گه‌ز كورده‌

- كاروان جه‌مال تاهیر، نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌ریتانیا

- جەیمس سۆرنتن، كونسوڵی گشتیی به‌ریتانیا له‌ هه‌رێمی كوردستان

 - رۆبه‌رت هاڵفن، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی به‌ریتانیا

 - ئالیسا كێرنس، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی به‌ریتانیا

 - جه‌یسن مه‌كارتی،ئه‌ندامی په‌رله‌مانی به‌ریتانیا

 - گاری كێنت، به‌رپرسی گرووپی كوردستان له‌ په‌رله‌مانی به‌ریتانیا

رۆژی 5-4-1991، دوای نزیکەی مانگێک لە راپەڕینی گەلی کوردستان لە دژی رژێمی بەعس، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بڕیاری ژمارە 688ـی دەرکرد.

 دوای بڕیاری ژمارە 688، وڵاتانی فەرەنسا، ئەمریکا و بەریتانیا هێڵی 36یان لە سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق دیاری کرد و سەرەڕای ئاماژەنەکردن بە دروستکردنی ناوچەی دژەفڕینیش لە بڕیارەکە، ناوچەی دژەفڕینیان لە ئاسمانی هەرێمی کوردستان راگەیاند و رژێمی بەعس نەیتوانی چیتر لەو هێڵە بپەڕێتەوە و هێرشی ئاسمانی بکاتە سەر گەلی کوردستان.