حکوومەتى عێراق دان بە ژمارەیەکی دیکەی زانکۆ لە هەرێمى کوردستاندا دەنێت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

حکوومەتى عێراق دان بە ژمارەیەکی دیکەی زانکۆ لە هەرێمى کوردستاندا دەنێت

ئەندامێکى لیژنەى پەروەردە و خوێندنى باڵاى پەرلەمانى کوردستان رایگەیاند حکوومەتى عێراق دانى بە ژمارەیەک زانکۆى هەرێمدا ناوە بۆ ساڵى داهاتوو، ئەمەش دەستکەوتێکى باشە بۆ پڕۆسەى خوێندنى هەرێمی کوردستان.

حەسیبە گەردى، ئەندامى لیژنەى پەروەردە و خوێندنى باڵاى پەرلەمانى کوردستان بە (باسنیوز)ى راگەیاند: "دواى چەندین هەوڵى ئەندامانى لیژنەى پەروەردە و خوێندنى باڵاى پەرلەمانى کوردستان و عێراق، تواندرا کێشەى دانپێدانانى ژمارەیەک زانکۆى هەرێمى کوردستان چارەسەر بکرێت و حکوومەتى عێراق بەشێوەیەکى فەرمى دانى نا بە ژمارەیەک زانکۆ و پۆلى تەکنیکى لە هەرێمی کوردستان".

راشیگەیاند: "هەریەک لە زانکۆکانى سۆران و پۆلی تەکنیکى هەولێر و کوردستان و زاخۆ و هەڵەبجە و راپەرین دانیان پێداندرا، ئێستا ئەو زانکۆیانە کەوتوونەتە نێو لیستى رێبەرى قوتابیان بۆ وەرگرتنى ساڵانە و بۆ ساڵى خوێندنى داهاتوو قوتابیانى ناوەڕاست و خوارووى عێراقیش دەتوانن لە رێگەى ئەو زانکۆیانە داواکارى وەرگرتن پێشکەش بکەن".

ئاماژەى بە ئەوەش کرد" ئەم هەنگاوە یەکێکە لە دەستکەوتە گرنگەکانى بوارى پەروەردە و خوێندن لە هەرێمى کوردستان، چونکە تا پێش دەرچوونى ئەم بڕیارە بڕوانامەى دەرچووانى ئەم زانکۆیانە لەلایەن حکوومەتى عێراقەوە دانى پێدانەندرابوو".