وەزیری ناوخۆ: پێشنیار دەكەین تاوەكو پێش مانگی رەمەزان قەدەغەی هاتوچۆ رابگەیەندرێت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

وەزیری ناوخۆ: پێشنیار دەكەین تاوەكو پێش مانگی رەمەزان قەدەغەی هاتوچۆ رابگەیەندرێت

وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد پێشنیاریان كردووە تاوەكو پێش مانگی رەمەزان بە شێوەیەكی گشتی قەدەغەی هاتوچۆ رابگەیەندرێت، ئەمەش بەهۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی ڕێژەی تووشبوون بە پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا.

ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند "بەھۆی زۆربوونی ڕێژەی تووشبوون بە پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا، پێشنیارمان کردووە بەشێوەیەکی گشتی تاوەکو پێش مانگی پیرۆزی ڕەمەزان، قەدەغەی ھاتوچۆ لە ھەرێمی کوردستان ڕابگەیەنین، دواتر ھەڵسەنگاندن بۆ دۆخەکە دەکەین و ئەوکاتە بڕیاری نوێ دەردەکەین".

گوتیشی "ماوەی چەند ھەفتەیەکە ڤایرۆسی کۆرۆنا بە شێوەیەکی خێرا لە شارەکانی ھەرێمی کوردستان بڵاو دەبێتەوە، پلانی ئێمە بۆ پاراستنی ھاووڵاتییان لەو ڤایرۆسە مەترسیدارە ئەوەیە کە پێداگری دەکەین لە توندکردنی ڕێکارەکانی خۆپاراستن، ھەروەھا داوا لە ھاووڵاتییان دەکەین خۆیان لە قەرەباڵخی بپارێزن و بەبێ بەکارھێنانی ماسک نەچنە دەرەوە، چونکە بەڕاستی ڤایرۆسەکە بەشێوەیەکی خێرا بەناو خەڵکدا بڵاوبووەتەوە".

وەزیری ناوخۆ ئاماژەی بەوەش دا كە سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، پێداگری لەسەر بەكارهێنانی ڤاکسینی دژە کۆرۆنا كردەوە، بۆ ئەو مەبەستە وەزارەتی تەندروستی ڕاسپاردووە پەلە بکرێت لە پێدانی ڤاکسینی دژە کۆرۆنا، بۆیە داوا لە ھاووڵاتییان دەکەین ڤاكسینەكە بەكاربێنن، بۆ ئەوەی ببێتە فاکتەرێکی بەھێز بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا.

ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد بەداخەوە ھەندێک لایەنی سیاسی ئێستاشی لەگەڵدا بێت، بابەتی کەرەنتین و قەدەغەی ھاتوچۆ بەجۆرێک لە بەرھەڵستی لێکدەدەنەوە بۆ بڕیارەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و بۆ مەرامی سیاسیی خۆیان، دەیانەوێت ژیانی ھاووڵاتییان بکەوێتە مەترسییەوە، بێگومان ئەوەش پێچەوانەی یاسای تەندروستیی گشتییە و پێچەوانەی سەلامەتی ھاووڵاتییانە، لە زۆربەی وڵاتانی پێشکەوتوو کە سیستەمی ئابووری و سیستەمی تەندروستییان زۆر پێشکەوتووە، بەناچاری بۆ خۆپارێزی لەو ڤایرۆسە کوشندەیە، قەدەغەی ھاتوچۆی سەرتاسەرییان ڕاگەیاندووە.

هەروەها ئاماژەی بەوەدا كە لە چەندین وڵاتی ئەورووپییش زیاتر لە مانگێک قەدەغەی ھاتوچۆ ڕاگەیاندراوە، بەڵام بارودۆخی ئابووریی کوردستان زۆر ھاوکار نییە بۆ ئەوەی بتوانین بۆ ماوەیەکی درێژ قەدەغەی ھاتوچۆ ڕابگەیەنین، بەڵام ئەگەر ھاووڵاتییان و لایەنەکانی دیکە ھاوکارییمان بکەن، دەتوانین خەڵکی کوردستان، لەم ڤایرۆسە کوشندەیە بپارێزین، ھەروەھا لەسەر ڕاسپاردەی جەنابی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ھەموو ھەوڵەکانی خۆمان چڕ دەکەینەوە بۆ پاراستنی ھەوڵاتیان لەو ڤایرۆسە مەترسیدارە.