لاهوور جەنگی دەست لە تەندروستیی سلێمانی وەردەدات و هەوڵی بە سیاسیكردنی پرسی كۆرۆنا دەدات
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

لاهوور جەنگی دەست لە تەندروستیی سلێمانی وەردەدات و هەوڵی بە سیاسیكردنی پرسی كۆرۆنا دەدات

پزیشکێکی سلێمانی: جێی شەرمەزارییە ھەندێک پزیشک بۆ بەرژەوەندیی حزبی دەروونی خەڵک تێکدەدەن

لاهوور جەنگی لە ڕێگەی بەرپرسێكی تەندروستیی سلێمانییەوە، دەستوەردان لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی شارەكەدا دەكات و هەوڵی بە سیاسیكردنی پرسی كۆرۆنا دەدات. پزیشكێكی سلێمانیش كاركردنی ”هەندێك پزیشك بۆ بەرژەوەندیی حزبی لەسەر تێكدانی دەروونی خەڵكی“ بە جێی شەرمەزاری دەزانێت.

بەپێی زانیارییەكانی (باسنیوز)، لاهوور جەنگی لە ڕێگەی بەرپرسێكی تەندروستیی سلێمانییەوە، كار لەسەر ئەوە دەكات كە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی لەپێناو بەرژەوەندیی تاقمە خۆفرۆشەكە و بۆ زیانگەیاندن بە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، هەوڵبدەن متمانەی خەڵك بە ڕێكارە تەندروستییەكان لاواز بكەن، وەك چۆن لە بەهاری ٢٠٢٠یش هەمان هەوڵیان دا و بەو هۆیەوە خەڵكێكی زۆری هەرێمی كوردستان تووشی پەتای كۆرۆنا بوون و ژمارەیەكی زۆریش كۆچی دواییان كرد.

لە چوارچێوەی ئەم هەوڵەی لاهوور جەنگیدا، دوێنێ سێشەممە ٦ی نیسانی ٢٠٢١، هێرش سەید سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی بانگەشەی ئەوەی كرد كە ئاخۆ بۆچی بەرپرسان پێكوتەی كۆرۆنا لە خۆیان نادەن؟ لە كاتێكدا یەكەمین كەس لە كوردستان پێكوتەی كۆرۆنای بەكار هێنابێت، د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بووە.

لەمبارەیەوە دکتۆر ئاری عەبدوڵا، پزیشکی پسپۆڕی جومگە و ڕۆماتیزم لە شاری سلێمانی بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، ھەرچەندە شەپولێکی قورسی پەتای کۆرۆنا ڕووی لە ھەرێمی کوردستان كردووە، ”پێویستە لەم دۆخە دژوارەدا ئێمەی پزیشکان بە تایبەتی ئەو کەسانەی لە نێو دامەزراوە پزیشکییەکاندا بەرپرسیارییەتیی پزیشکییان ھەیە، سەرنجمان لەسەر ئەوە بێت کە چۆن بتوانین کۆنتڕۆڵی ئەو ڤایرۆسە کوشندەیە بکەین، چونكە كاری لەپێشینەی ئێمە، کارێکی مرۆیی و ئەخلاقییە و پێویستە خەڵکی ھۆشیار بکەینەوە“.

ڕوونیشی كردەوە: ”ئاساییە ئەوەی پزیشک بێت، بە ئاراستەیەكی پۆزەتیڤ و لە چوارچێوەی لایەنە نیشتیمانییەکان کاری سیاسی بکات، نەوەکوو بە ئاراستەیەكی نێگەتیڤ و لە چوارچێوەی خزمەتکردن بە ھەندێک بەرپرسی حزبی سیاسەت بکات“.

گوتیشی: ”خەڵکی کوردستان بەھۆی پەتای کۆرۆنا و ئەو فشارانەی لەسەر ھەرێمی کوردستان بووە، لە دۆخێکی دەروونی و ماندووی ئاڵۆزدان، بێگومان لێدوانی ئەو جۆرە پزیشکانە ھێندەی دیکە دەروونی ھاووڵاتیان تێکدەدات، بەتایبەتی نابێت پزیشک ھەندێک لێدوان بدات کە باری دەروونیی خەڵکی تێک بدات، بۆیە جێی شەرمەزارییە بۆ پزیشکێک کە باری دەروونی خەڵكی تێکبدات بەهۆی بەرژەوەندیی حزبییەوە“.

ئەو پزیشكە بە ”هەڵەیەكی گەورە“ی دەزانێت پەتای کۆرۆنا بکرێتە کەرەستەیەکی سیاسی، بەڵام ”بەداخەوە بەرپرسەکانی ئەم سنوورە بە گشتی، ئەو پەتا کوشندەیەیان تێکەڵی ئەجێندای سیاسی کردووە، لە کاتێکدا ئەو پەتایە ھەموو جیھانی گرتووەتەوە و پێویستە مامەڵەکردن لەگەڵ نەخۆشییەکەدا لە ڕوانگەی مرۆیی و نیشتیمانییەوە بێت، نەوەکوو لە ڕوانگەیەکی سیاسی و حزبییەوە، بەداخەوە ھەندێک لە پزیشکان تێوەگلاون کە ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ مەرامی سیاسی بەکار بھێنن، بێگومان ئەوە کارێکی نائەخلاقییە، چونكە وادەردەخات ئەوان تەندروستیی هاووڵاتیانیان بەلاوە گرنگ نییە، بەڵکوو مەرامە سیاسییەکەی خۆیان بەلاوە گرنگە“.

ئەو پزیشكەی سلێمانی ئاشكرای كرد: ”حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆناوە، سەرەڕای ئەوەی کە توانای دارایی و پزیشکیی حکوومەتی ھەرێمی كوردستان زۆر سنووردار بووە، بەڵام لەپێناو پاراستنی خەڵکی کوردستان، درێخی نەکردووە و توانیویەتی خەڵکی کوردستان لەو پەتا مەترسیدارە تاڕادەیەكی زۆر بپارێزێت، بێگومان ئەگەر خەڵكی هاوكاریی حكوومەت بكەن، پەتایەكە تاڕادەیەكی زۆر كۆنتڕۆڵ دەكرێت“.

 

 

ب.س