ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دواخستنی لوتکەی وڵاتانی عێراق، ئوردن و میسر، رادەگەیەنێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە 7-4-2021، حەسەن نازم، گوتەبێژی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رایگەیاندووە، بڕیاری دواخستنی لوتکەکە درا، کە بڕیاربوو بە بەشداریی مستەفا کازمیی سەرۆک وەزیرانی عێراق، شا عەبدوڵڵای دووەمی شای ئوردن و عەبدولفەتاح سیسیی سەرکۆماری میسر، ساز بکرێت.
بڕیار بوو کۆبوونەوەی لوتکەی مستەفا کازمی، شا عەبدوڵڵای دووەم و عەبدولفەتاح سیسی رۆژی 26-3-2021 لە بەغدا ساز بکرێ، بەڵام بەهۆی رووداوێکی شەمەندەفەر لە میسر، کۆبوونەوەکە دواخرا.
دوای دواخستنی کۆبوونەوەی لوتکەی عێراق، ئوردن و میسر، بڕیاردرا رۆژی پێنجشەممە 8-4-2021 (سبەی) کۆبوونەوەکە لە بەغدا، بەڕێوە بچێت.
حەسەن نازم هەروەها رایگەیاندووە، کۆبوونەوەکە بەهۆی کێشەکانی ئێستای ئوردنەوە دواخراوە، بەڵام ئاماژەی بە هیچ کاتێکی دیکە بۆ کۆبوونەوەکە، نەکردووە.
رۆژی شەممە 3-4-2021، رۆژنامەی (واشنتن پۆست)ی ئەمریکی ئاشکرای کرد، کە دەسەڵاتدارانی ئوردن هەمزە بن حوسێن، شازادەی ئوردن (زڕبرای شا عەبدوڵڵای دووەم) و 20 فەرماندەی سەربازی و ئەمنی بەهۆی پیلانگێڕییان بۆ کودەتای سەربازی، دەستگیر کردووە.