خۆزگە لەجیاتی ئەو قسانەتان 24 كیلۆ بنەگۆزروانتان دەھێنایە بازاڕ
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

خۆزگە لەجیاتی ئەو قسانەتان 24 كیلۆ بنەگۆزروانتان دەھێنایە بازاڕ

یەكێك لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت: ”ئیتر لەمەولا نابێت مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی كوردستان بە لێبڕینەوە دابەش بكرێت“. پێنج ئەندامی پەرلەمانی كوردستان كە فراكسیۆنێكی پەرلەمانی كوردستان پێكدەھێنن، ئەمانیش ھەمان قسە، بەڵام بەشێوەیەكی توندتر دەجوونەوە. 17 ئەندامی تری پەرلەمان دەڵێن: ”دەبێ كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان 7 – 4 باسی لێبڕینی مووچە بكات“. ئەندام پەرلەمانێكی تر لەوسەرەوە جیا لە فراكسیۆنەكەی دیسان ھەمان قسە دەكات و دەفەرموێ: ”ئیتر نابێت مووچە بە لێبڕینەوە دابەش بكرێت“. ئەمانە ھەموویان بەسەر یەكەوە دەبنە 24 ئەندامی پەرلەمان.

1- ئەم قسانەی ئەو ئەندامانەی پەرلەمان لەكاتێكدایە كە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان خۆی لە سەرەتای ئەمساڵەوە بڕیاری دا ئەگەر لەگەڵ بەغدا و لەسەر پرۆژەیاسای بودجەش نەگەنە ئەوەی كە ئەو پرۆژەیە لە پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر بدرێت و پەسەند بكرێت، ھەموو 30 ڕۆژ جارێك و بەگوێرەی ئەو داھاتەی لەبەردەستدایە مووچە دابەش دەكرێت.

ئێ خۆ حكوومەت ھەر وایشی كرد و ئەمەش لە ئەنجامی ڕێكخستنەوەی خەرجی و داھاتەكان و ھەنگاوەكانی چاكسازی بوون كە ھەر حكوومەت خۆی كردوونی نەك پەرلەمانتار، چونكە تەنانەت پەرلەمانتارانیش خۆیان بەر چاكسازیەكانی حكوومەت كەوتوون و ڕەنگە ئەمەش ھەندێكیانی تووڕە كردبێت، بۆیە گەیشتنە ئەوەی یەكێكیان پێڵاوەكانی ئاراستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان بكات، و یەكێكی تریشیان گوایە ڕەخنە لە حكوومەت دەگرێت دەڵێت: ”حكوومەت مێیینەیە!.

ئینجا ھەروا بێتەوە پێش ئەوەی ئەم 24 ئەندام پەرلەمانەش ئەم فەرماییشتانە بفەرموون، حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ئەوەشی ڕاگەیاند كە ئەگەر بەبێ ڕێككەوتنی كۆتاییش لەگەڵ بەغدا ئەو بڕە داھاتە بێتە بەردەستی حكوومەت كە بەشی دابەشكردنی مووچە بەبێ لێبڕین بكات، ئیتر مووچە بەبێ ھیچ لێبڕینێك دابەش دەكرێت.

2- ئەم قسانەی ئەو ئەندامانەی پەرلەمان لەكاتێكدایە كە پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2021 پەسەند كراوە و وەھا چاوەڕوان دەكرێت كە ئەگەر ھیچ ڕووداوێكی گەورەی چاوەرواننەكراو ڕوو نەدات و حكوومەتی عێراق پابەند بێت بە جێبەجیێكردنی یاسای بودجە، ئیتر لەمەولا مانگانە مووچە بەبێ لێبڕین دابەش دەكرێت، ئەمەشیان واتە ڕێككەوتن لەگەڵ عێراقدا ھەر حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و بە سەرپەرشتیی سەرۆكی حكوومەت مەسرور بارزانی كراوە و ئامانجی كۆتایی ئەم ڕێككەوتنەش، ھەر ئەوە بووە كە ئیتر مووچە بەبێ لێبڕین دابەش بكرێت.

ئیتر نازانم ئەگەر بۆ خۆدەرخستن و خۆ بەپاڵەوانكردن لای خەڵك و موزایەدەكردن بەسەر حكوومەتەوە نەبێت، قسەكانی ئەو 24 ئەندام پەرلەمانە چ قیمەتێكیان لای ھاووڵاتیان دەمێنێت؟ باشە ئەگەر لەجیاتی ئەو قسانەیان، ئەو 24 ئەندام پەرلەمانە بچوونایە بۆ ئەو ھەرد و كێوانەی كوردستان و بە ھەر بیستوچواریان 24 كیلۆ واتە ھەر یەكێكیان كیلۆیەك بنەگۆزروانیان بۆ بھێناینایەتە بازاڕ باشتر نەبوو؟

من دەڵێم ئەمەیان باشتر بوو لەو قسانەیان، چونكە ئەو قسانەی ئەوان زۆر لەدوای قسە و كردەوەكانی حكوومەت خۆیەتی و ھیچ قیمەتێكی نیە، بەڵام 24 كیلۆ بنەگۆزروانەكە لانی كەم كیلۆی پێنج ھەزار دیناری دەكرد، واتە 120 ھەزار دینار، من خۆیشم دوو كیلۆم لێ دەكڕین و ئەو دوو كیلۆ بنەگۆزروانەم لەگەڵ ھەندێك ھێلكەی كوردی و ڕۆنی خۆماڵی و دیسان دۆشاوی تەماتەی خۆماڵی و تۆزێك ترش و لیمۆدۆزی و بە ئەڵقە پیازەوە، ئەمانەم ھەمووی زۆر جوان بەیەكەوە تێكەڵ و سوور دەكردەوە و دەملاواندەوە و بەدەم گۆرانیی مەیلەنگێنەی ئەحمەد شەماڵەوە دەمخوارد، ئەگەر ئەو 24 ئەندامەی پەرلەمان لەجیاتی ئەو قسە و نووسراو و یاداشتانەیان، ئەو 24 كیلۆ بنەگۆزروانەیان بۆ بھێناینایەتە بازاڕ، ئەو كاتە دەستخۆشییم لێ دەكردن و دەرفەتیشیان نەدەدامێ ئەم وتارەیان لەسەر بنووسم.