لە شاری سەقز ناوچەیەکی شوێنەواریی نوێ دۆزرایەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

لە شاری سەقز ناوچەیەکی شوێنەواریی نوێ دۆزرایەوە

لە چەند هەفتەی ڕابردوو لە شاری سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کاتی ئامادەکاری بۆ کارکردن لەسەر پارچە زەوییەکی تایبەت بە دەزگایەکی حکوومی، چەندین پارچە کەلوپەلی کۆن و شوێنەواری دەرکەوتوون.

بە دەرکەوتنی پارچە شوێنەوارییەکان، لە لایەن بەرپرسە پێوەندیدارەکانەوە بڕیاری راوەستانی کار لەسەر ئەو بەشە زەوییە کە نزیک نەخۆشخانەی شەفایە لە بەشی رۆژئاوای شەقامی (موکریان)یە دراوە و ئامادەکاری دەکرێت بۆ کاری کنە و پشکنینی شوێنەواری لەسەری ئەو ناوچە شوێنەوارییە.

کاری هەڵکۆڵینی شوێنەواری بۆ ئەم ناوچە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی کولتوور و فەرهەنگی شارۆچکەی سەقزەوە جێبەجێ دەکرێت و بە گوتەی بەرپرسی هەڵکۆڵینی ئەم شوێنە شوێنەوارییە، بێجگە لە بینینی پاشماوەی گڵینە و فەخفووری، لە کاتی کار کردندا چەندین پارچە ئێسک و پرووسکی مرۆڤیش دەرکەوتووە کە ئەمەش وا دەکات کاری کنە و پشکنینی شوێنەواری بۆ ئەم ناوچەیە رەنگ و قۆناغی نوێ بە خۆیەوە بگریت کە ئەویش کارکردن بۆ ناسین و دیاریکردنی جۆر و رەگەز و تەمەنی ئەو ئێسکە پەیکەرانەیە کە لەوێ دۆزراونەتەوە.

بەپێی دوایین زانیاریی میدیایی لە لایەن بەرپرسی تیمی هەڵکۆڵینەوە بڵاو کراوەتەوە کە بە هۆی نوێترین دۆزینەوەی شوێنەواری لەو ناوچەیە، مێژووەکەی بۆ سەردەمی برۆنز دەگەڕێتەوە، بەڵام ئەمە ئەنجامی کۆتایی کارەکە نییە و کنە و پشکنین بەردەوامە بۆ دۆزینەوەی مێژوو و کۆنترین سەردەمی ئەم ناوچە شوێنەوارییە.

بە گوتەی سەرچاوە میدیاییەکانی شاری سەقز ئەمە یەکەمجار نییە لەم شارە و بە تایبەتی لە نزیک ئەم پارچە زەوییە پارچە و بەڵگەی شوێنەواری دەربکەوێت، بەڵکوو لە ئەپریلی ساڵی ٢٠١٩ لە شوێنێکی دیکەی ئەم شارە بەناوی "قەڵای کۆشکەڵە" کە زۆر نزیکیشە لەم ناوچە شوێنەوارییەی ئێستا، چەندین پارچە و بەڵگەی شوێنەواری دەرکەوتووە کە بەڕێوەبەرایەتیی کولتوور و فەرهەنگی سەقز کاری کنە و پشکنینی شوێنەواری بۆ کردووە.

بەپێی بەڵگەنامە مێژووییەکان، سەنتەر یان پایتەختی دەسەڵاتداری مانناییەکان کە یەکێک بوون لە دەسەڵاتە کۆنە کوردییەکان، لە دەوروبەری شاری سەقز بووە.

هەروەها لە نزیکی ئەم شارە، چەندین شوێنی مێژوویی و شوێنەواری وەک ئەشکەوتی کەرەفتوو، قەڵای زێویە و گۆڕە بەردینەکانی قەپڵانتوو هەیە کە ئەمانە نیشانەی دێرینی و مێژووی کۆنی کوردستان و بەتایبەتی ناوچەی سەقزن.