بەهۆی خستنە خوارەوەی فڕۆکە ئۆکرانییەکە 10 بەرپرسی ئێران تۆمەتبار دەکرێن
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

بەهۆی خستنە خوارەوەی فڕۆکە ئۆکرانییەکە 10 بەرپرسی ئێران تۆمەتبار دەکرێن

داواکاری گشتیی سەربازیی تارانی پایتەختی ئێران 10 بەرپرسی وڵاتەکەی بەهۆی خستنە خوارەوەی فڕۆکە ئۆکرانییەکە، تۆمەتبار دەکات.

بەپێی هەواڵی میدیا ئێرانییەکان، غولام عەباس تورکی، داوکاری گشتیی سەربازیی تاران، تۆمەتبارکردنی 10 بەرپرسی وڵاتەکەی بەهۆی رووداوەکەوە، راگەیاندووە.

غولام عەباس تورکی بەبێ ئاشکراکردنی ناوی بەرپرسەکان و پۆستەکانیان، رایگەیاندووە، بڕیاری پێویست لە دادگا لە دژی ئەو 10 بەرپرسە دەدرێت.

مانگی رابردوو دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی ئێران بەرپرسیارێتیی خستنەخوارەوەی فڕۆکەکەی خستە سەر راداری فڕۆکەخانە و هەڵەیەکی هەڵسوڕێنەری بەرگریی ئاسمانی، بەڵام دەسەڵاتدارانی ئۆکرانیای خاوەنی فڕۆکەکە و کەنەدای خاوەن زۆرترین قوربانی لە رووداوەکە، لێدوانی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی ئێرانیان رەت کردەوە.

بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە 8-1-2020 فڕۆکەیەکی نەفەرهەڵگری ئۆکرانی بە 176 گەشتیارەوە لە ئاسمانی تاران کەوتە خوارەوە و بە هۆیەوە هەموو سەرنشینەکانی گیانیان لەدەست دا.

سەرەتا میدیاکانی ئێران رەتیان کردەوە فڕۆکەکە بە مووشەک پێکرابێ و باسیان لەوە دەکرد، کە فڕۆکە ئۆکرانییەکە بەهۆی هەڵەی تەکنیکییەوە ئاگری گرتووە و کەوتووەتە خوارەوە.

دواتر لە رۆژی شەممە 11-1-2020، سوپای پاسدارانی ئێران دانی بەوەدا نا، کە فڕۆکە ئۆکرانییەکە بە مووشەکێکی سوپا بە هەڵە، تێک شکێنراوە.