پاتریاكی كلدان لە عێراق و جیهان: كاتی جیاكردنەوەی ئایینە لە دەوڵەت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

پاتریاكی كلدان لە عێراق و جیهان: كاتی جیاكردنەوەی ئایینە لە دەوڵەت

دەڵێ پێویستە چاو لە وڵاتانی مەسیحی لە ڕۆژئاوا بكەین

ئەمڕۆ سێشەممە كاردیناڵ لویس ساكۆ پاتریاكی كلدان لە عێراق و جیهان لە وتەیەكدا بە بۆنەی تێپەڕینی یەك مانگ بەسەر سەردانە مێژووییەكەی پاپای ڤاتیكان بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان، ڕای گەیاند كە ئێستا كاتی جیاكردنەوەی ئایینە لە دەوڵەتی عێراق.

كاردیناڵ لویس ساكۆ داوای كرد ئایین لە دەوڵەتی عێراق جیابكرێتەوە و دەوڵەتێكی مەدەنی دابمەزرێت، وەك چۆن وڵاتانی مەسیحی لە ڕۆژئاوا دەمێكە وایان كرد.

كاردیناڵەكە چوار پێشنیازی خستووەتەڕوو بۆ ئەوەی پەرە بە دیالۆگ و پێكەوەژیان لە نێوان تەواوی پێكهاتەكانی عێراق بدرێت.

كاردیناڵ لویس ساكۆ ئەم وتەیەی پاپای ڤاتیكانی دووپات كردەوە كە گوتی با دەنگی چەك كپ بكرێ و ئاشتی باڵ بەسەر ناوچەكەدا بكێشێت، گوتیشی ئەم سەردانە هەلێكی دانسقە بوو بۆ ئەوەی عێراقییەكان وەبەری بێنن و بیكەنە بۆنەیەك تا بگەڕێنەوە بۆ ناخی خۆیان و بەرپرسیارییەتی هەڵبگرن، لاپەڕەكانی ڕابردوو دابخەن و لاپەڕەی نوێ بۆ ئاشتبوونەوە و پەرەپێدانی برایەتی هەڵبدەنەوە.

وتەكەی كاردیناڵ لویس ساكۆ كە لە ماڵپەڕی فەرمیی بەتریاركیدا بڵاو كراوەتەوە، ئەوەشی تێدا هاتووە كە عێراقییەكان بەپێی دەستوور یەكسانن و ناشێ هاووڵاتییبوون لە یەك ئایین و تایفەدا بچوك بكرێتەوە، وابزانم ئێستا كاتی ئەوەیە ئایین لە دەوڵەت جیابكرێتەوە و دەوڵەتێكی مەدەنی دابمەزرێت، وەك چۆن وڵاتە مەسیحیەكانی ڕۆژئاوا دەمێكە وایان كردووە.

جێی باسە رۆژی 5-3-2021، پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستانی کرد و گەورەترین قوداسی ئایینی لە یاریگای نێودەوڵەتیی شەهید فەرەنسۆ هەریری لە هەولێر ساز کرد.