110 حزب بە نیازن بەشداریی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق بکەن
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

110 حزب بە نیازن بەشداریی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق بکەن

چاودێرێکی سیاسی: حزبە بچوکەكانی عێراق دوکانن لەلایەن حزبە گەورەکان کراونەتەوە

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ڕای دەگەیەنێ تاوەکو ئێستا 250 حزب مۆڵەتیان وەرگرتووە و 110 حزبیش داواكارییان بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق پێشكەش كردووە. چاودێرێکی سیاسییش ئاماژە بەوە دەدات ئەوە جۆرێکە لە فەوزای سیاسی و ئەو حزبە بچوکانە دوکانی حزبە گەورەکانن بۆ داپۆشینی سیاسەتی شکستخواردوویان.

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێكدا، ئاماری نوێی سەبارەت بە تۆماری حزبەکان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق بڵاو كردەوە. بەپێی راگەیەندراوەکە، تاوەکو ئێستا 250 حزب مۆڵەتیان وەرگرتووە، لەوانەش 110 حزبیان داواكارییان بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنی پێشوەخت پێشكەش كردووە.

لەمبارەیەوە د.سامان شاڵی چاودێری سیاسی بۆ (باسنیوز) ڕای گەیاند ئەوە بەڵگە نییە بۆ دیموکراسی بەڵکو بەڵگەیە بۆ فەوزای سیاسی، گوتیشی ”وڵاتێکی گەورەی وەکو بەریتانیا و ئەمریکا دوو حزبیان هەیە، ئەمریکا بەو گەورەیی و ئەو هەموو ویلایەتەوە دوو حزبی هەیە، بەڵام لە عێراق 110 حزب دەیانەوێ بڕۆنە هەڵبژاردنەوە“.

گوتیشی ”بابەتەکە روونە زۆربەی ئەو حزبانە لەلایەن حزبە گەورەکانەوە دروست کراون بۆ کۆکردنەوەی دەنگ بۆ خۆیان و سەرلێشێواندنی دەنگدەر کە نەیانناسێتەوە، بۆ نمونە هەریەک لە دەوڵەتی یاسا و فەتح، ژمارەیەکی زۆر حزبیان دروست کردووە، تاوەکو لە رێگەی ئەو حزبانەوە پارێزگاری لە مانەوەی خۆیان بکەن، بەجۆرێک ئەو حزبە بچوکانە دوکانی حزبە گەورەکانن بۆ داپۆشینی ئەو شکستەی کە ئەو حزبە گەورانە لە دەسەڵاتی سیاسی لە عێراق هێناویانە و هاوکات کۆکردنەوەی دەنگە بۆیان“.

وا بڕیارە رۆژی ١٠ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ 2021، هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق ئەنجام بدرێت، ئەوەش دوای چەند جار لە دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردن و دواخستنی.