ئەمڕۆ نرخی بەرمیلی نەوت دوو دۆلار بەرز بووەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

ئەمڕۆ نرخی بەرمیلی نەوت دوو دۆلار بەرز بووەوە

ئابووریی جیهان بە خێرایی بەرەو چاكبوونەوە دەچێت

ئاژانسی هەواڵی (رۆیتەرز) بڵاوی كردەوە ئەمڕۆ سێشەممە نرخی بەرمیلێك نەوتی خاو لە بازاڕەكانی جیهاندا دوو دۆلاری هاتە سەر، ئەمەش لە كاتێكدایە وەبەرهێنەران خۆیان بۆ ئاساییبوونەوەی دۆخی ئابووریی جیهان ئامادە دەكەن، بە تایبەتی كە سندوقی نەختینە پێشبینی كردووە ئەمساڵ گەشەیەكی ئابووریی گەورە لە جیهاندا ڕووبدات.

بەپێی (رۆیتەرز)، ئەمڕۆ بەهای گرێبەستە دواخراوەكانی نەوتی ئەمریكا دوو دۆلاری هاتووەتە سەر بۆ هەر بەرمیلێك و نرخەكەی گەیشتووەتە 60.66 دۆلاری ئەمریكی، هەروەها گرێبەستە دواخراوەكانی نەوتی خاوی برێنت زیاتر لە دوو دۆلاری هاتووەتە سەر و نرخی هەر بەرمیلێك گەیشتووەتە 64.18 دۆلاری ئەمریكی.

لای خۆیەوە ئەمڕۆ سندوقی نەختینەی نێودەوڵەتی پێشبینییەكانی خۆی بۆ گەشەكردنی ئابووریی جیهان بەرز كردووەتەوە و پێی وایە بەرهەمهێنانی جیهانی لە ماوەی ئەمساڵدا بە ڕێژەی 6.0٪ زیاد دەكات.

ئەم پێشبینییە نوێیەی سندوقی نەختینەی نێودەوڵەتی بەجۆرێك بەرزە كە لەوەتەی حەفتاكانی سەدەی رابردووەوە بەدی نەهاتووە، هۆكاری ئەم پێشبینییە ئەرێنییەش بەپێی رۆیتەرز، بنیاتی سیاسەتی نێودەوڵەتییە لە بەرەنگاربوونەوەی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا، كە تا ئێستا سیاسەتێكی لەم شێوەیە بەرفرەوان و گشتگیرە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی كارەساتی هاوشێوە پێشینەی نەبووە.

جێی باسە بەر لە كەمتر لە سێ مانگ، سندوقی نەختینە پێشبینی كردبوو بەرهەمهێنانی جیهانی و گەشەی ئابووری لە ماوەی ئەمساڵدا بە ڕێژەی 5.5٪ بەرز بێتەوە، ئەم گۆڕانە گەورەیەش لەم ماوە كورتەدا لە پێشبینی سندوقە نێودەوڵەتییەكە، نیشانەی چاكبوونەوەی خێرای ئابووریی ئەمریكایە، وەك سندوقەكە پێشبینی كردووە ئەمساڵ ئابووریی ئەمریكا بەڕێژەی 6.5٪ گەشە دەكات، ئەمەش خێراترین گەشەكردنە لە ئابووریی ئەمریكا لەوەتەی هەشتاكانی سەدەی رابردووەوە.