ماڵە کەلەپووریەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بووە بە سەرچاوە بۆ داهات و ناساندنی کولتووری کورد
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

ماڵە کەلەپووریەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بووە بە سەرچاوە بۆ داهات و ناساندنی کولتووری کورد

 

لە رۆژهەڵاتی کوردستان، کەرتی گەشتیاری لەڕێی نۆژەنکردنەوە و دروستکردنی ماڵە کولتوورییەکان، لە گەشەسەندنی خێرادایە و دەیان جۆر ماڵ و خانووی ناو گوندەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەم ساڵانەی دواییدا بوون بە ناوەندی گەشتیاری، کولتووری و خواردنگە و مانەوە بۆ گەشتیاران.

ئەم کەرتە لە گەشتیاری، کە لە ئێران بە (بوومگەردی)، واتا ئۆکۆتوریسم ناسراوە، رۆڵی گرنگی لە ناساندنی گەلانی ناو ئێران بە یەکتر گێڕاوە و ژمارەیەکی بەرچاو لە گەشتیارانی دەرەوەی ئێرانیش لەو رێیەوە، گەلانی ناو ئێران، بەتایبەت کوردیان ناسیوە و لەگەڵ دابونەریت و خواردن و کولتووری کوردی ئاشنا بوون.

ژمارەی ئەم خانووە کەلەپوورییانە لە رۆژهەڵاتی کوردستان، رۆژ دوای رۆژ لە زیادبووندایە و لە زیاترین گوند و شارەکانی رۆژهەڵات خانووی لەو جۆرە کراونەتەوە و تا دێ ژمارەیان زیاتریش دەبێ. لەناو ئەم ماڵە کولتوورییانە، رێوڕەسمی کۆنی کوردەواری پیشانی گەشتیاران دەدرێت و خواردنی کوردیی دروست دەکرێت.

کەسی گەشتیار لەناو ئەو ماڵانە وەکوو کەسێکی گوندنشینی ئەو ناوچەیە هەڵسوکەوت دەکات و لە خواردنی خەڵکی ناوچەکە دەخوات. ئەم شێوازە لە گەشتیاری، کە چەند ساڵێکە لەلایەن حکوومەتەوە مۆڵەتی پێ دراوە، بەر لە هاتنی پەتای کۆرۆنا رۆڵی گرنگی لە ناساندنی کورد بە گەلانی دیکەی ناو ئێران و گەشتیارە دەرەکییەکان هەبوو، جێی خۆیەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش ئەم کەرتە لە گەشتیاری ببوژێنێتەوە و لەو رێیەوە خزمەتی گوندەکان بکات.

بەر لە کۆرۆنا، لە رۆژهەڵات، ئەو گوند و شارانەی ئەو جۆرە ماڵە کولتوورییانەیان تێدابوو، جمەیان دەهات لە گەشتیار، بەتایبەت کە چەندان جەژنی کوردەواری، وەکوو جەژنی هەنار، ئاو، پۆشاک، نەورۆز و هەنجیر لەو شوێنانە بەڕێوە دەچوو و ژمارەیەکی زۆر لە گەشتیارانی بۆ لای خۆی رادەکێشا و هەلی ئەوەی بۆ گوندنشینەکان دەڕەخساند، بەرهەمە خۆماڵییەکانیان لەو رێیەوە بفرۆشن.

ئۆکۆتۆریسم، یان بووم گەردی، بە مانای رێزگرتنە لە سروشت و کولتووری ئێستا و رابردووی خەڵکی ئەو ناوچەیە، کە ئەو خانووە کولتوورییانەی تێدا دروست کراوە، یان خانوویەکی کۆنی ناوچەکە بۆ سەردانی گەشتیاران نۆژەن دەکەنەوە، تا گەشتیاران سەردانی بکەن و بۆ چەند رۆژێک وەکوو کەسێکی ئەو ناوچەیە بژین.